ورمێ / کوژران و برینداربوونی ٤ هاووڵاتی کورد بە تەقەی هێزە نیزامییەکان

14:24 - 11 خەزەڵوەر 2713
ئاژانسی کوردپا: لە سێ رووداوی جیاجیادا چوار خەڵکی ناوچەی ورمێ کە دوو کەسیان کٶڵبەر بوون، بە تەقەی راستەوخۆی ‌هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی گوندی \"ئەنبێ\"ی ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ بەهۆی تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامێی ئێرانەوە بریندار بوو.

ئەو کۆڵبەرە کوردە ناوی \"کەریم عەرەبی\" کوڕی جادر بووە کە لە هەوارگەکانی کیوارستان لە سنووری نێوان ئێران و تورکیا بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بریندار کراوە.

هاوکات لە ئەنجامی دەستڕێژی ئەو هێزانەدا ٦٠ سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانی گوندەکانی ئەنبێ و تولەکی لە ناوچەی ورمێ بەکوشت چوون.

هەروەها شەوی پێنج‌شەممەی رێکەوتی ٩ی خەزەڵوەر چەندین سەر ئەسپی بارهەڵگری کاسبکارانی ناوچەی نەسوود لە شوێنێک بەناوی \"ئاوەزنێ\" لە سنووری نێوان شاری نەوسوود بۆ هەرێمی کوردستان، بە دەستی ‌هێزە ئینتزامییەکان کوژران.

لەلایەکی دیکەوە رۆژی دووشەممەی رابردوو رێکەوتی ٦ی خەزەڵوەر کۆڵبەرێکی دیکە بەناوی \"ساجی تەمەر زادە\" کوڕی حەیدەر، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی گوندی \"فەرزیان\" لەناوچەی سۆما و برادۆستی ناوچەی ورمێ بە دەستی ‌هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران گیانی لێ ئەستێندرا.

هەروەها رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٧ی خەزەڵوەر دوو هاووڵاتیی مەدەنیی بەناوەکانی نوورەدین عەلیزادە و بێهرووز عەلیزادە خەڵکی ورمێ لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی دەروازەی شاری شیرازەوە درانە بەر دەستێڕیژی گولـلە و لە ئەنجامدا نوورەدین عەلیزادە دەستبەجێ گیانی لەدەست داوە.

هێزە ئینتزامییەکان هۆکاری تەقە کردنی خۆیان بۆ سەرپێچی ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە لە دەستووراتی مەئمووران ئینتزامی گەڕاندۆتەوە، ئەوەش لە حاڵێک دایە \"بێهرووز عەلیزادە\" کە لەو رووداوەدا بەتوندی بریندار بووە، ئیدیعای مەئموورانی ئینتزامیی رەت کردۆتەوە و رایگەیاندووە کە لەلایەن مەئموورانی ئینتزامییەوە هیچ هۆشدارییەکیان پێ نەدراوە.