وردەکاریی زیاتر لەسەر چۆنیەتیی گیانلەدەستدانی "ئاسیە پەناهی"، هاووڵاتیی خەڵکی کرماشان

12:56 - 10 جۆزەردان 2720

حەوتووی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی کرماشانی بە ناوی "ئاسیە پەناهی"، بەهۆی گواستنەوەی بۆ شوێنێک بە ناوی "ئوردووگای سیاهـ چێشمێهـ" لەلایەن مەئموورانی شارەداریی کرماشانەوە، گیانی لەدەست دا.

گیانلەدەستدانی "ئاسیە پەناهی"، کاردانەوەی بەرفراوانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە و لەو پەیوەندییەدا، بەرپرسانی حکوومەت خوازیاری بەدواداچوونی ئەو ڕووداوە بوون.

لە ئاگاداریی پرسە و سەرەخۆشیی "ئاسیە پەناهیـ"ـدا هاتووە کە ڕۆژی بەخاکسپاردەنەکەی ١ی جۆزەردان بووە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەندێک لە بەرپرسانی حکوومەت باس لە ڕاگرتنی تەرمی ئەو هاووڵاتییە کوردە لە پزیشکی یاسایی دەکەن و ئەم سەرداوەش باس لە سەرپۆشدانانی ئەو کارەساتە دەکات.

پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی ڕووخانی خانووی ئەو هاووڵاتییە کوردە و لێدانی لەلایەن مەئموورانی شارەداریی کرماشانەوە، بەرپرسانی شارەداریی کرماشان وێڕای ڕەتکردنەوەی ئازار و لێدانی ئەو ژنە، باسیان لە گیرۆدەبوونی ئاسیە پەناهی بە ماددەی سڕکەر کرد کە بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

پاش حەوتوویەک لەو ڕووداوە، لەو پەیوەندییەدا بەرپرسی بەسیجی زانکۆی ڕازیی کرماشان، سەبارەت بە گیانلەدەستدانی ئەو ژنە زانیارییەکی زیاتری خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئاسیە پەناهی لە ئەنجامی پڕژاندنی گازی فلفل و گازی فرمێسکڕێژی مەئموورانی شارەداریی کرماشان گیانی لەدەست داوە".

"ڕەزا ساڵحی" لەو پەیوەندییەدا وتی: "مەئموورانی شارەداری بەبێ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە، لە کاتێکدا کە خەڵکەکە لە کاتی حەوانەوەدا بوون، بە گازی فرمێسکڕێژ  مەئموورانی شارەداری چوونەتە ماڵی هاووڵاتییان و دانیشتووانەکەیان ناچار کردووە کە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن".

ئەو ئەندامەی بەسیجی زانکۆی ڕازیی کرماشان هەروەها زیادی کردووە: "ئاسیە پەناهی بەهۆی پڕژاندنی سپریی فلفل تووشی جەڵتەی دڵ بووە و دواتر گیانی لەدەست داوە".

حەوتووی ڕابردوو، "ئاسیە پەناهی" تەمەن ٥٨ ساڵ، لەگەڵ نەوەکەی لەلایەن مەئموورانی شارەداریی ناوچەی ٣ی کرماشان، پاش ئازار و لێدانی، سپریان پڕژاندە سەر و چاوەیەوە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست دا.