كوردستان/ بەردەوامیی یارمەتی مرۆیی بۆ شنگاڵ و بەربەستەکانی حكوومەت

16:48 - 15 خەرمانان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ کۆکردنەوەی یارمەتی لەلایەن خەڵکی شاری هەرسینەوە بۆ لێقەوماوانی شنگال، ناردنی یارمەتیی هاووڵاتییانی مەهابادی بۆ هەرێمی کوردستان، لەلایەن حکوومەتەوە بەربەستی بۆ دروست دەکرێت.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ ئاوارە و لێقەوماوانی شنگال لە شاری هەرسین لە ئوستانی کرماشان، لەگەڵ پێشوازیی گەرمی یارمەتیدەران بەرەوڕوو بۆتەوەو کەمپەینەکەش تەنیا چەند رۆژێک مۆڵەتی چالاکیی یارمەتی کۆکردنەوەی لە بەردەمدا ماوە.

کەمپەینی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ لێقەوماوانی شنگال، لە رێکەوتی ١٠ خەرماناەوە لە شاری هەرسین دەستی بە چالاکی کردووەو هاووڵاتییانی کورد و بەتایبەت لاوانی کورد لە هەرسین، یارمەتییان لێقەوماوان کۆکردۆتەوە تێکەڵی رەوتی یارمەتی گەیاندن بە لێقەوماوانی شنگال بوون.

دەگوترێت، ئەندامانی شۆرای شاری هەرسین، یارمەتییەکانی خۆیان لە مەیدانی \"لەک\"، پێشکەش بە لێقەوماوانی شنگال کردووە.

بەگوتەی بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە، هەتا رۆژی دووشەممەی ئەم حەفتەیە کەمپەینەکە لە شاری هەرسین بەردەوام دەبێت و یارمەتییەکانی وەک؛ پێخەف، جلوبەرگ و کەلووپەلی منداڵانی ساوا، ئاو، خواردەمەنی، شیری وەشک بۆ کۆرپە و منداڵان کۆ دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا، لێپرسروانی حکوومەتی لە شاری مەهاباد لەگەڵ بەڕێوەبەرانی کەمپەینی یارمەتی کۆکردنەوە بۆ لێقەوماوانی شنگال، لەمەڕ چۆنیەتیی ناردنی یارمەتییە خەلکییەکان، تووشی کێشە هاتوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کردووە؛ \"فەرمانداری مەهاباد داوای کردووە، کە یارمەتییەکانی خەڵکی مەهاباد رەوانەی شاری سنووریی قەلادزێی هەرێمی کوردستان بکرێت و ئەو بڕیارەش لەلایەن بەرێوەبەرانی کەمپەینەکەوە بە توندی دژایەتیی کراوە\".

بەربەست و ئاستەنگی بەرپرسانی حکوومەتی ئیسلامی، بوونەتە هۆکاری ئەوەیکە هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، یارمەتیی هاووڵاتییانی مەهابادی، رەوانەی لێقەوماوانی شنگال نەکرێت.

دەوترێت هاووڵاتیان و بەڕێوەبەرانی كەمپەین لەشاری مەهاباد خوازیاری ئەوە بوونە كە یارمەتییەكان راستەوخۆ بگاتە دەستی لێقەوماوان.

هاووڵاتیانی شاری مەهاباد ٧٠٠ ملوێن تمەن پارەی نەختی و ١٠ کامیۆنی بارهەڵگر كاڵا و کەلوپەلیان بۆ لێقەوماوان كۆ كردۆتەوە.

لەكاتی وەرێ‌خستنی كەمپەین بۆ ئاوارەكانی شنگاڵ هەتا ئێستا، یارمەتیی خەڵكی هەورامانات و ئوستانی كوردستان رەوانەی هەرێمی کوردستان كراون و دراونەتە دەست بەرپرسانی ناوچەیی لە هەرێمی كوردستان.
\"21912.jpg\"

\"21913.jpg\"

\"21915.jpg\"

\"21916.jpg\"

\"21917.jpg\"