وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە کرماشان دەسبەسەر کرا

10:43 - 23 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: وتەیبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە پێش دەرگای زانکۆی ڕازیی شاری کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، "سیاوەش حەیاتی"، وتەیبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان و ئەندامی شۆرای ڕێبەریی بەرەی یەکگرتووی کورد، لە پێش دەرگای زانکۆی ڕازیی کرماشان، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی مەدەنیی یارسان لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی زانکۆی ڕازی لە هەمبەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکرانی لەلایەن پەدافەندی هەوایی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەرەی یەکگرتووی کورد بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ناڕەزایەتیی خۆی سەبارەت بە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەربڕی و خوازیاری ئازادکردنی دەسبەجێی "سیاوەش حەیاتی" بوو.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، سیاوەش حەیاتی لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕایگەیاندبوو، زانکۆی ڕازیی کرماشان ئیزنی داکۆکی لە پایاننامەکەی پێ نەداوە.

وتەبێژی کۆڕی ڕاوێژی چالاکانی یارسان، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای بواری زانستی سیاسییەکان لە زانکۆی ڕازیی کرماشانە.