وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان: هەڕەشەی هێرش بۆ سەر قەندیل شەڕێکی پڕۆپاگەندەییە
ئاژانسی کوردپا: وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (ک.ج.ک) باسی لە بەربەرەکانێی گریلاکانی پ.ک.ک لە بەرانبەر هیرشی دەوڵەتی تورکیەدا کرد.
\"سەرحەد وارتۆ\"، وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان (ک.ج.ک) لە وتوویژێکدا لەگەڵ ئاژانسی کوردپا دەربارەی هێرشی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر مەقەڕی گریلاکان پ.ک.ک لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: \"ماوەی دوو مانگە ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە هێرشی کردووەتە سەر هەرێمی کوردستان و ئەم هێرشانەش لە ناوچەکانی \"گەلی ڕەش\" و تەپەی \"للیکان\" درێژەی هەیە.
ناوبراو هەروەها دەڵێت: \"لە یەکەم ڕۆژی هێرشی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەتا ئێستا، بەربەرکانێی گریلاکان لە بەرانبەر ئەو هێرشانەدا درێژەی هەیە و هەموو ڕۆژێک وڵامی هێرشە داگیرکەرانەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە دەدەینەوە\".
وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان، ئاماژەی بە زەرە و زیانی قورسی بەرکەوتووی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە لەو هێرشانەدا بۆ سەر گریلاکان کرد و گوتی: \"چالاکیی هێزەکانی گریلا دژی هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە لە ڕێگای \"گریلا تی وی\" و \" بڵاوکراوەکانی هێزەکانی پاراستنی گەل\" (ه.پ.گ) بۆ بیروڕای گشتی بڵاو کراوەتەوە\".
سەرحد وارتۆ هەروەها دەڵێت: \"ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە لە سنوورە دیاریکراوەکان لە هەرێمی کوردستان هێرشی کردووەتە سەر مقەڕی گریلاکان و دەیهەوێ هێزەکانی خۆی له شوێنی دیاری کراو جێگیر بکات\".
وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان پێداگری لە سەر ئەوە کرد کە \"لە ئەگەری هێرشی دەوڵەتی تورکیه بۆ سەر قەندیل لەگەڵ وڵامدانەوەی توندی هێزەکانی گریلا ڕووبەڕوو دەبێتەوە\".
ناوبراو دەڵێت: \"ستراتیژی ئێمە شەڕی بەرەیی لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە نییە و ئێمە بە شێوەی بەرخۆدانی گەریلایی شەڕ لەگەڵ ئەرتەشی تورکیە دەکەین\".
ناوبراوە ئەوەی ڕوون کردەوە: \"بە بڵاوە پێکردنی هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە لە خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپراسیۆنی هێزەکانی گەریلای دژ بە ئەوان ئاسانتر کردووەتەوە و دەتوانین بە ئاسانی زەرە و زیان قورس بە هێزەکانی ئەرتەشی دەوڵەتی تورکیە بگەیەنین\".
وتەبێژی کۆما جڤاکێن کوردستان، لە کۆتایدا، ڕوو لە بیروڕای گشتیی کوردستان ڕایگەیاند: \"لە بنەڕەتدا هەڕەشەی هێرش بۆ سەر قەندیل لە هەرێمی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی تورکییەوە، تەنیا شەڕێکی پڕۆپاگەندەییە\".