وتەبێژی بەرەی "یەکگرتووی کورد" لە بۆکان دەسبەسەر کرا

16:27 - 4 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەیاننامەیەکدا، دەسبەسەرکردنی وتەبێژی ئەو بەرەیەی پشتڕاست کردەوە.

بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەیاننامەیەکدا، باسی لە دەسبەسەرکرانی دوکتور "ئازاد محەممەدیان"، وتەبێژی ئەو بەرەیە کرد و خوازیاری ئازادیی ناوبراو بوو.

دوکتور ئازاد محەممەدیان، وتەبێژی بەرەی یەکگرتووی کورد، دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی سەرماوەز، لە شوێنی کارەکەی لە بۆکان، لەلایەن مەئموورانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە دەسبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزاوە.

هێزە ئیتلاعاتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ناوبراو، لەبتاب، چەند فلاش، چەند کتێب و هەروەها هەندێک نامیلکە و نووسراوەی دەسنووسی ڕۆژانەی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەرەی یەکگرتووی کورد لە بەیاننامەکەی خۆیدا، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین لە دەسبەسەرکردنە ناڕەواکان کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە شێوەی بەربڵاو لە کوردستان ڕوویداوە، خوازیاری ئازادکردنی هەرچی زووتری دوکتور ئازاد محەممەدیان بوون.