وتوێژی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ سەرپەرستی گروپی هونەریی هەناسە لە نۆدشە

14:13 - 26 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: گروپی مۆسیقای \"هەناسە\" کۆتایی ساڵی رابردوو و لە ماوەی رۆژانی نەورۆزی ئەمساڵدا چەند کۆنسێرتی مۆسیقاییان بەڕێوەبرد. زانیار ئەمینیان، سەرپەرستی ئەو گروپە لە دیمانەیەکی تایبەتیدا چۆنیەتیی کار و چالاکییە هونەرییەکانی خۆیانی لە ئێستا و داهاتوودا بەم شێوەیە بۆ هەواڵنێری کوردپا خستەڕوو.

کوردپا: بیرۆکەی پێکهێنانی گروپی هەناسە کەی و چۆن شکڵی گرت؟
زانیار ئەمینیان: لەگەڵ رێز و سڵاو، بەسەرنجدان بەوەی کە نۆدشە خاوەن ئەزموونێکی دیار لە بواری فەرهەنگی و هونەریی وەک مۆسیقا دایە و کۆمەلێک ژەنیاری پێگەیشتوو و لێهاتووی هەیە، بۆیە ئێمە بیرۆکەی دامەزراندنی گروپێکی مۆسیقایی یەکگرتوو و ئامانجدارمان لەلا دروست بوو هەتا وەڵامدەری بەشێکی بچووک لە هەست و سۆزی خەڵکی ناوچەی هەورامان بەتایبەتی شاری نۆدشە بێت.

کوردپا: ئایا ئەو گروپەی ئێوە و ئەو هونەرمەندانەی کە لە گرووپەکەتاندا ئەندامن، لەلایەن ناوەندە فەرهەنگی و پەروەردەییەکانەوە پشتیوانی مالی و مەعنەوی لێکراوە؟
زانیار ئەمینیان: لەلایەن کتێبخانەی گشتیی ٢٢ی بەهمەنی نۆدشە ئیمکاناتی ماددی کۆنسێرت وەک: ساڵۆنی بەڕێوە بردنی کۆنسێرت و سیستمی دەنگ بۆ گروپەکەی ئێمە دابین کراوە.

کوردپا: بەرنامە هونەرییەکانی گروپی هەناسە لە رابردوودا چی بووە و چ بەرنامەیەکتان بۆ داهاتوو هەیە؟
زانیار ئەمینیان: گروپی هەناسە یەکەم کاری ئیجرایی خۆی لە شەوی شێعرێکدا لە ١٩ی رێبەندان، پاشان کۆنسێرتێکی مۆسیقایی لە ماوەی شەوەکانی ٣ هەتا ٥ی خاکەلێوەی ١٣٩٢دا پێشکەش کردووە و لە هاوینی داهاتووشدا چەندین بەرنامە لە شارەکانی نۆدشە، سنە و چەند شارێکی دیکە بەڕێوە دەبەین.

\"12001.jpg\"
دیمەنێک لە شاری نۆدشە
کوردپا: پێکهاتەی و هەروەها رۆڵی کچان لە گروپەکەتاندا، بۆ بەردەنگانی کوردپا شی بکەنەوە؟
زانیار ئەمینیان: ئەندامانی گروپەکەمان لە چەندین ژەنیار بەرجستە پێکهاتوون کە لێرەدا ئاماژەی پێ دەکەم:
_ ئەهەنگساز، ژەنیاری سەنتوور گۆرانیبێژ و سەرپەرستی گرووپ: زانیار ئەمینیان
_ ژەنیارانی تار: سوهەیل مۆئمێنی، هێمن ئیسماعیلی
_ ژەنیارانی سێ تار: رۆژین جەمیلی، دانا خالقی، سۆهیب حوسێنیو سەبوور حەیدەری
- ژەنیارانی تەنبوور: سۆهیب حوسێنی، مۆبەین سەیادی
- ژەنیاری گیتار: سادق ئەختەری
- ژەنیاری ویۆڵۆن: مۆسلێم شەبرەندی
ژەنیاری دەف: مهیار ئەمینی
ژەنیاری زەرب: مینوو نادری

هەروەها چەنین ژەنیاری دیکە، کەلە داهاتوودا دەبنە ئەندامی گروپەکەمان بریتن لە:
_ سادق نیکنام (سەنتوور)
- پووریا موقەدەم (دیوان)
- سادق فەرهادی و لهۆن شەبرەندی (نەی)
- سۆما شەبرەدن (سێ تار)

هەروەک ئاشکرایە رۆڵ و رێژەی کچان لە گروپەکەدا بەرچاوە و هیوادارین لە داهاتووشدا ئەو رێژەیە لە گرووپی هەناسەدا روو لە زیادبوون بکات.

\"12003.jpg\"
گروپی هونەریی هەناسە
کوردپا: ئێوە لەماوەی رۆژانی سەری ساڵدا کۆمەڵێک بەرنامەتان لە شاری نۆدشە بەڕێوە برد، پێشوازیی خەڵک لە بەرنامەکانی ئێوە چۆن بوو؟
زانیار ئەمینیان: پێشوازیی خەڵکی هونەرپەروەر و هونەر دۆستی خەڵکی نۆدشە بێ وێنە بوو و لەگەڵ ئەوەی کە گروپی هەناسە بەماوەی ٣ شەو کاری ئیجرایی هەبوو، بەڵام خەڵکێکی یەکجار زۆر لە ماوەی ئەو ٣ شەوەدا هاتبوونە نێو ساڵۆنەکە و سەرجەم شوێنەکان بە هاووڵاتیان پڕ ببوونەوە. هەروەها جێگەی خۆیەتی سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی دانا خێلقەتی، لهۆن شەبرەندی، مەتین نادری، ساجید محەمەدی موتڵەق و سەرجەم ئەو ئازیزانە بکەم، کەلە بەڕێوە بردنی ئەو کۆنسێرتەدا هاوکارییان کردین.

کوردپا: بەسەرنجدان بەوەی کە بواری چالاکیی ئێوە لە شاری نۆدشە و ناوچەی هەوارامانە، هونەر و مۆسیقای هەورامی لە کارەکانی ئێوەدا چ رەنگدانەوەیەکی هەیە؟
زانیار ئەمینیان: لەگەڵ ئەوەی کاری سەرەکیی من گۆرانیبێژییە و ماوەی ١٢ ساڵە بەشێوەی پراکتیکی لەو بوارەدا کار دەکەم و بەسەرنجدان بەوەی کە سەرجەم ئەندامانی گروپەکەمان دانیشتووی شاری نۆدشەن، هەوڵمان داوە کە زیاتر لە ئاهەنگ و مۆسیقای هەورامی کەڵک وەربگرین، هەروەها بەهۆی ئەوە کە هەتا ئیستا هیچ هەوڵیک لە پێناو \"نۆت نووسیی\" ئاهەنگی هەورامی لە ئارادا نەبووە، بۆیە بە مەبستی پاراستن و مانەوەی مۆسیقا و ئاهەنگی هەورامی دەستم داوەتە نووسینی نۆتی هەورامی و بەو هیوایەی کە ئەندامانی گروپەکەمان بتوانن بەشێوەیەکی قوڵتر پەیوەندی لەگەڵ ئاهەنگەکان دروست بکەن و پاشان وەڵامدەری وێستی خەڵکی ئەمەگناسی ناوچەی هەورامان بن.

کوردپا: ئایا لە شاری نۆدشەدا گروپی دیکە لە بواری هونەری و ئەدەبیدا چالاکییان هەیە؟
زانیار ئەمینیان: بەڵێ هەندێک گروپی وەک: گروپی شانۆ و تیاتری شاری نۆدشە کە هەتا ئێستا چەندین بەرهەمی باشیان هەبووە و چەندین گروپی هونەریی دیکە کە لێرەدا بواری باس کردنیان کاتێکی زۆر دەخایەنێت، چالاکی دەکەن.

زۆر سوپاس