وتووێژ/ ڕادیۆ کرماشان جێگای لەدایکبوون و گەشەی بەشی گرینگی مێژووی مۆسیقای کوردییە

21:40 - 13 بەفرانبار 2715
ئاژانسی کوردپا: یەکەمین ڕادیۆ کە دەستی داوەتە بڵاوکردنەوەی گۆرانی و مۆسیقای کوردی، ڕادیۆ بەغدادە کە لە ساڵی ١٣١٨ هەتاوی بووە. لە ئێراندا ئەم هەوڵ و کار لە ساڵی ١٣٢٥ هەتاوی نیشتە بەرهەم.

ڕادیۆ کوردی کرماشانیش لە یەکەمین وێستگەکانی ئەم بوارە دێتە هەژمار کە بەرنامە و گۆرانی ڕەسەن و فۆلکلۆری گەیاندووەتە گوێی بیسەرانی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لەم پێوەندییەدا ماوەیەک لەمەوبەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا هەواڵێک سەبارەت بە کۆکردنەوەی ستران و گۆرانییەکانی ڕادیۆ کوردی کرماشان بڵاوکرایەوە کە ئاژانسی کوردپا وتووێژێکی لەتەک عەلی سەمیمی هونەرمەندی بواری تەنبوور کە سەرقاڵی ئارشیڤسازی ئەو گۆرانیانەی پێکهێناوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی.

\"29271.jpg\"
عەلی سەمیمی، ژەنیاری جووتژەنی و تۆنبەک
سەمیمی لەم وتووێژەدا بە ئاماژەکردن بەو هونەرمەندانەی کە فەرمانبەر و هاوکاری ڕادیۆ بوونە، دەڵێ کە ئارشیوی دوو دەیە لەو ڕادیۆیە بە هەندێ هۆکار فەوتاون.

ناوبراو باسی لە هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی گۆرانی گۆرانبێژانی ناسراوی کورد کرد و ڕوونیشی دەکاتەوە کە بە زووترین کات بەرهەمە کۆکراوەکان لە دامەزراوەیەکی کەلتووری و هونەری هەرێمی کوردستان بڵاو دەکرێنەوە.

دەقی وتووێژی ئاژانسی کوردپا لەگەڵ عەلی سەمیمی:

کوردپا: ڕادیۆ کرماشان لە چ کاتێکەوە و بە دەستی چ کەسانێک دامەزرا؟
عەلی سەمیمی: ئەوەی کە دەوترێت ڕادیۆ کرماشان یەکەمین ڕادیۆی کوردی جیهانە، هەڵەیەکی مێژووییە. پێش لە کرماشان لە بەغداد و تەنانەت لە میسریش ڕادیۆ بە زمانی کوردی هەبووەو چالاکی کردووە. ڕادیۆ کرماشان یەکەمین ڕادیۆی کوردیزمانە کە بە شەپۆلی کورت بڵاو دەبوویەوە و زۆربەی کوردزمانەکانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناڤین دەرەتانی بیستنی ئەو ڕادیۆیەیان هەبوو.

ڕادیۆ کرماشان لە ساڵی ١٣٣٩ هەتاوی لە شەقامی \"شاه بختی\" کرایەوە. ئەوەی سەبارەت بە کورتە مێژووی بەرهەمهێنانی مۆسیقا لە ڕادیۆ کرماشان دەزانم ئەوەی کە لە ساڵی ١٣٤٢ تاکوو ١٣٤٥ هەتاوی ئۆرکێستێر ڕادیۆ کرماشان بە سەرپەرەستیی مامۆستا موجتەبا میرزادە خەریکی بەرهەمهێنانی مۆسیقا بوو. گۆرانیبێژانی ڕادیۆ کرماشان لە دەیەی چل بریتی بوون لە: حەسەن زیرەک، ئیسماعیل خان مەسقەتی، ئیبراهیم خۆشنەوا، مورتەزا توندروو، سەیفوڵا نادرشاهی، هاشم ڕەبیعی و...

لەدوای رۆیشتنی مامۆستا میرزادە بۆ تاران، سەرپەرەستیی گرووپی مۆسیقا کەوتە ئەستۆی مامۆستا مەحموود مەراتی و هەر لە ساڵی ١٣٥٣، گشت ڕادیۆ و تلوێزیۆنی کرماشان بۆ شوێنی ئێستای لە مەیدانی نەفت گوازرایەوە.

لە سەرەتای دەیەی ٥٠ تا بەفرانباری ٥٧ مامۆستا مەزهەری خالەقی بەڕێوەبەری ڕادیۆ و تلوێزیۆن بوون و زۆرتر لە کرماشانیش دەمایەوە. لە دەیەی ٥٠ زۆرێک لە جوانترین سترانە کوردییەکان بەرهەم هاتوون و بەشی زۆریان نەبیستراون.

گۆرانیبێژانی ئەو دەورەیە بریتین لە: حشمەتۆڵا لوڕنەژاد، ئیسماعیل پیرخدری، فیرووز و ئیسماعیل سابوور، سەعید قەندی، حوسەین ئەلبورزی و.... کە ئێستا سەرقاڵی کۆکردنەوە و پاڵاوتنی بەرهەمەکانی مامۆستا حشمەتۆڵا لوڕنەژادم.

کوردپا: ئێوە لەم ڕاگەیەنەدا لێپرسراوی کامە بەش بوون؟
عەلی سەمیمی: ئەمن هیچکات فەرمانبەر فەرمی ڕێکخراوی دەنگ و ڕەنگ نەبووم بۆیە هیچ بەرپرسیاریەتی ئیجراییم لە ئەستۆ نەبووە. لە ساڵی ١٣٧٦ بۆ یەکەم جار وەک ژەنیار بەشدار بووم و لە ساڵی ١٣٨٠شەوە وەک دەنگهەڵگر چالاکیم کردووە. بەڵام لە چەند ساڵەی دواییدا بە شێوەی کردەکیی چالاکیم لە دەنگ و ڕەنگدا نەبووە بەو هۆکارانەی کە باس کردنیان ئاقاری ئەم وتووێژ بەرەو شوێنێکی دیکە دەبات، لێرە باسی ناکەم.

کوردپا: دەوترێت ئارشیڤی ڕادیۆ بە هەندێ هۆکار لەنێوچووە. هۆکاری ئەو بارودۆخە بۆ چی دەگەرێننەوە؟
عەلی سەمیمی: لە سەرەتای شۆڕشی ٥٧ کەسانێک هێرشیان بردە سەر ڕادیۆ و سروودە شاهەنشاییەکان و بەرنامە پێوەندییدارەکان بە بنەماڵەی پاشایەتییان هێنایە نێو حەوشەی ڕادیۆ و ئاگریان تێبەردا.

\"29272.jpg\"
لە سەرەتاکانی دەیەی ٦٠ی هەتاویش کۆمەڵێک هاتن و دانە بە دانەی گۆرانیەکانیان گوێ دەدایە و هەر شتێک کە لەگەڵ بیروڕای گشتی هاوهاهەنگ نەبوایا لەگەڵ خۆیاندا دەیانبرد. بەم پێیە گەورەترین ڕادیۆ کوردی لە جیهاندا ٢ دەیەی زێڕینی ئارشیڤی خۆی لەدەست دا.

کوردپا: ماوەیەک پێش ئێستا یەک لە گۆرانیەکانی کۆچکردووە حشمەتۆڵا لۆڕنەژاد بۆ یەکەم جار لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان سەرلەنوێ بڵاو کرایەوە. بەرێزیشتان وادیارە سەرقاڵی ڕزگارکردنی ئارشیڤی ڕادیۆن، دەکرێت لە چۆنیەتی دەسپێک و بەرەوپێش چوونی کارەکانتان بۆمان بدوێن؟
عەلی سەمیمی: ترووسکەی ئەم پڕۆژەیە کاتێ هات بە مێشکدا کە ئەنستیتۆ کەلەپووری کورد لە سلێمانی دەستی کرد بە ىڵاوکردنەوەی پیشەیی و بە کواڵیتی بەرهەمی گەورەیانی مۆسیقای کوردی.

بەڕێوەبەریی مامۆستا مەزهەری خالەقی لەم دامەزراوەدا دەستبەجێ بردمیەوە بۆ بەرێوەبەری زێرینی ئەاون لە ڕادیۆ کرماشان و ئەرخەیان بووم کە ئەم پڕۆژە مەزن و گرینگە خاوەنی بەرێوەبەری و پێکهاتەیەکی دروستە کە تێڕوانینێکی باڵای هونەریی هەیە. ئامادەکارییە سەرەتاییەکانی پڕۆژەکە ماوەیەکی زۆری خایاند و بە خۆشیەوە بە هۆی دۆستایەتی زۆربەی گۆرانیبێژانی ئەو سەردەمە لە گەڵ باوکمدا، لە بەرهەمەکانی ئەم ئازیزانە بەڵگەی بە کواڵێتی باش لە سەر شریتدا لە ئارشیڤی باوکمدا بوونی بوو. بۆ دەسپێک لە ئارشیڤی باوکمەوە دەستم پێکرد و ئەگەری زۆریشی هەیە کە دیتر دۆستانی خاوەن بەهرە کە ئۆگری مۆسیقا و فەرهەنگی کوردین ئارشیڤی دیکەشیان لەلابێت کە هەر لێرەوە داوای هاوکارییان لێ دەکەم و خوازیاری ئەوەم لەم پڕۆژە گرینگە فەهەنگیەدا پاڵپشتم بن چوونکوو کۆکردنەوەی هەموو گۆرانییەکان و بەڵگە بە کۆاڵێتیەکانیان بۆ یەک کەس زۆر ئەستەمە.

هیوادارم کە ئەمانەتدارێکی دروست بین و ئاوازی نەمری ئەم ئازیزانە بە یارمەتی مامۆستا مەزهەر خالەقی بگەینە گوێ بیسەرانی.

کوردپا: لە کاریگەری فەرهەنگی و هونەرییەکانی ڕادیۆ کوردی کرماشان لە کوردستانی ئێران دەتوانین هێما بۆ کام دەسکەوتی بکەین؟
عەلی سەمیمی: بێ گومان زۆرێک لە جوانترین و لەبیرنەکراوترین گۆرانییەکان لە ڕادیۆ کوردی کرماشان لەدایک بوون و بڵاوکراونەوە.

\"29273.jpg\"
مۆجتەبا میرزاده
زۆربەمان سترانە نەمرەکانی مامۆستا حەسەن زیرەکمان بیستووە بەڵام سترانی جوانی دیکە هەن کە بە داخەوە بە هۆی تێداچوونی ئارشیڤی ڕادیۆ کرماشان ناتوانین بیانبیستین.

ڕادیۆ کرماشان جێگای لەدایکبوون و گەشەی بەشی گرینگی مێژووی مۆسیقای کوردییە. زۆرێک لە گۆرانیبێژان و ژەنیاران و ئاوازدانەران و هەروەها شاعیرانی کورد لە ڕادیۆ کرماشان گەیشتنە لووتکە. بە دڵنیاییەوە دەتوانین بێژین کە بەبێ ڕادیۆ کرماشان، مۆسیقای کوردی بەشێکی گەورەی لە سەرمایەی خۆی لەدەست دابوو.

کوردپا: لە فەرمانبەرانی ناسراوی ڕادیۆ و هونەرمەندانێک کە ناو و ناوبانگیان ئاوێتەی مێژوو و بەرنامەکانی ڕادیۆ کوردی کرماشان بوون کامانەن؟
عەلی سەمیمی: زۆرێک لە گۆرانیبێژانم ناو هێناوە و لەجێی خۆیەتی لە ژەنیاران و شاعیران و دەنگهەڵگران یادێک بکەینەوە کە کۆیادم ئیزنم بدات ناویان دەبەم.

ژەنیاران: ئیسماعیلخان مەسقەتی، بەهمەن پوولەکی، ئەسکەندەر قۆرەدان، موحەممەد عەبدوسەمەدی، مەحموود مەراتی، ئەبۆلقاسم پەرەندیان، مەحموود ئاهووان، مەحموود بلووری، مامۆستا ئەکبەر ئیزەدی و...

\"29274.jpg\"
مەزهەر خالقی و مەحموود مەراتی
شاعیران: یەدۆڵا لۆڕنەژاد، عەبدۆلەتیف هاشمی، موحەممەد ڕەزا فەتاحی، مامۆستا فەرشید یووسفی و...

دەنگهەڵگرانێک کە کارەکانیان ئێستا خەریکی پاڵاوتنیانیم، ئەو بەڕێزانە بە زانایی خۆیان لەو ڕۆژگارە، بەرهەمەکانیان پاراستووە و ئێستا لەبەردەستی ئێمەدایە: بەهمەن تەهمووری، فیرووز ئاجیل چی.

کوردپا: ئایا دامەزراوە یان ئۆرگانێکی تایبەت، لە کۆکردنەوەی ئارشیڤی هونەری ڕادیۆ هاوکاریتان دەکات؟ بەتەمای بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کارەکانتان هەن؟
عەلی سەمیمی: لە کۆکردنەوەی بەرهەمەکان هیچ دامەزراوەیەک هاوکاری نەکردووم. ئارشیڤی ڕادیۆ کە بە کردەکی بێبەرییە لە بەرهەمەکانی دەیەی ٤٠ و ٥٠ و تەنانەت ٦٠تیش! کۆ کردنەوەکەی بە شێوەی شەخسی و تایبەتی و بە گێچەڵی زۆروە دەچێتە پێشەوە بەڵام هەر وەک پێشتر وتم ئەنیستیتۆی \"کەلەپووری کورد\" بە بەڕێوەبەریی مامۆستا مەزهەری خالەقی ئەم بەرهەمانە بە شیوەی پیشەیی بەرهەم دێنێ و دەیانگێنێ بە گوێی بەردەنگانی خۆی.

کوردپا:
خەسارناسی هەڵگرتن و ئەمانەتداری ئێمەی کورد لە بواری ئارشیڤ سازی دەتوانێ چی بێت؟
عەلی سەمیمی: یەکەم بابەت ئەوەیە کە ئێمەی کورد هەموو شتێکمان زارەکییە! هەرلە بەڵێن و ڕێککەوتنی کاری تاکوو قەرز و قۆڵە و تا دوایی. نەریتی بەنووسراوە کردن و ئارشیڤ سازی لە نێوماندا نییە. خۆم تاکوو دەستم نەدابوویە ئەم پڕۆژەیە نەمدەزانی گرینگی ئارشیڤ لە چیدایە. ناسنامە و مێژژوی شارێک، زمانێک، خەڵکانێک و نەتەوەیەک پێوەستە بە دیوانسالاری و ئارشیڤی نووسراوەییەوە. ئێمە دەبێ بزانین کە بێ نرخترین دەنگەکانیش کە لەسەر شریتێکی کۆن هەڵدەگیرێت لەوانەیە نموونەیەکی ناوازە بێ کە یارمەتی زۆری مۆسیقازانەکان دەدات کە بە باشی لە مۆسیقای کوردی و وەلانانی ناڕوونییەکان تێبگەن. لەمەڕ چەشنەکانی دیکەی ئارشیڤ ئەوا دەبێ پسپۆڕی ئەو بەشانە وەکی کتێبدار باسی لێوە بکەن.

کوردپا:
هەڵسووکەوتی کرماشانییەکان دەگەڵ نۆستالێژی ڕادیۆ کوردی کرماشان چۆن هەڵدەسنگێنن؟
عەلی سەمیمی: هیچ کرماشانییەک نییە کە گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک یان حشمەتۆڵا لۆڕنەژادی لەبەر نەبێت. هەر ئەمە نیشانەی هەستی نۆستالژیکی خەڵکی کرماشان بۆ ئەو مۆسیقا بەرزەیە.

ژیاننامەی عەلی سەمیمی:

لەدایک بووی جۆزەردانی ١٣٦٠ هەتاوی لە کرماشان.
ساڵی ١٣٧٣ لە ژێر ڕێنوێنی ئارەش سەمیمی دەستی داوەتە فێربوونی تۆنبەک.
یەکەمین بەرهەمی وەک ژەنیاری جووتژەنی و تۆنبەک ساڵی ١٣٧٦ لە ڕادیۆ کرماشان بڵاو بووەتەوە.
ژەنیاری زیاتر لە ٣٠٠ بەرهەم لە دەنگ و ەنگی ناوەندی کرماشان بووە.
پلەی یەکەمی لە فستیڤاڵی گرووپی خوێندکاری ــ تاران ساڵی ١٣٨٧ لەتەک گرووپی \"بامداد\" بەدەست هێناوە.