وتووێژ/ عەبدولعەزیز مەولوودی: روانینی ئەمنیەتی بەسەر ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا زاڵە

15:52 - 26 رەشەمه 2713

 

ئاژانسی کوردپا: لە چەند مانگی رابردوودا مەسەلەی گۆڕانکاری لە بەرێوەبەریی ناوچەکوردنشینەکانی ئیران، چ لە ئاستی ئوستان و چ لە شارەکاندا، بۆتە باسێکی جێگەی مشتومڕی چالاکان و هاوکات هێندیک لە چالاکان لەمەڕ وادە و بەڵێنییەکانی حەسەن رۆحانی هیوابڕاو بوونە.
لەوبارەیەوە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا وتووێژێکی لەگەڵ عەبدولعەزیز مەولوودی، مامۆستای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی مەهاباد پێکهێناوە و دەقی وتووێژەکە لەلایەن ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپاوە کراوەتە کوردی:

ئاژانسی کوردپا: بە بڕوای ئێوە لەکوردستانی ئێران رکابەرایەتیی نێوان دەوڵەتی رۆحانی ( ئێعتێداڵ) لەگەڵ بەڕێوەبەرانی دەوڵەتی پێشوو ( بناژوخواز) لەسەر شێوەی مودیریەتە؟ یان دابەشکردنی کار لەنێوان خزم و کەسەکان دایە؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: بۆ وڵامدانەوە بە ئەو پرسیارە پێویستە هێندێ‌لایەنی دیکە شی بکەینەوە، لە یاسای بنەڕەتی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا دوو بۆچوونی دەسەڵاتخواز و کۆماریخواز هەیە و ئێستا بە شێوەی بناژوخواز و رێفۆرمخواز خۆی دەرخستووە. ئەو دەستە بەندییە شتێکی حاشا هەڵنەگرە هەر چەند هێندێ‌لەشارەزایانی سیاسی ئەوە رەت دەکەنەوە کە ئەوانە یەک شوناس و پێناسەیان هەیە. بەڵام دەبێ‌ئەوە قبووڵ بکەین کە ئەو دوو بەرەیە لەیەک سەرچاوەوە سەریان هەڵداوە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ یەکتردا هێندێ‌شتی جیاوازیشیان هەیە.

راستییەکی دیکەش لێرەدا هەیە و ئەویش جیاوازی ئەو دوو گرووپە یان دوو رەوتە لەشێوەی بەکارهێنانی هێز و دەسەڵاتە، بەو مانایە کە دەسەڵاتخوازەکان رێگەی زیاتریان بەمەبەستی بەکارهێنانی هێز لەبەر دەست دایە کە جێگە و پێگەی ئەوان بەرەو سەرێ دەبات. بۆ وێنە یەکێک لەو رێگایانە پشتیوانی شۆرای نیگابان لەکاتی هەڵبژاردانەکان دایە و بێجگە لەوانە ژمارەیەک لە گرووپە چەکدار و نیزامیەکانیش لەگەڵیان هاوڕان و یارمەتییان دەکەن، ئەمە لەحاڵێکدایە رێفۆرمخوازەکان هیچ لەم رێگایانەیان لەبەر دەستدا نیە و هیچ بایەخێیان پێ‌نادرێ‌و ئەو مەسەلەیە پێوەندیی بە کوردستانی ئێرانیشەوە هەیە و شارەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواش لێی بێبەری نەبووە.

ئاژانسی کوردپا: ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا لە نێوانەدا هەستیارییەکی تایبەتی پێوە دیارە، تێڕوانینی ئێوە لەسەر گۆڕانی مودیریەتیی لەو شوێنانە چۆنە؟ ئەو پرسە بەڕای ئێوە پێوەندیی بە کەمترخەمی کوردەکانەوە هەیە یان پێوەندیی بە بیاڤی ئەمنیەتییەوە هەیە؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: شایەت لێرەدا بتوانین کێشەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوا زیاتر شی بکەینەوە. وەکوو ئاماژەتان پێ‌دا ئەو ئوستانە هەستیارییەکەی تایبەت بە خۆی هەیە و هاوکاتیش روانینێکی تایبەت لەسەر هەڵوێست و بڕیارەکانی ئەو ئوستانە بەدی دەکرێت، بەڵام لەبیرمان نەچێ‌ئەو روانینە هیچ یارمەتێکی بە بەرەوپێشچوون و گەشە کردنی ئەو ئوستانە نەداوە و تەنانەت دەتوانین بڵێین پێشی بە گەشەکردنی ئوستانی ئازەربایجانیش گرتووە و ئەو کێشەیە دەگەڕێتەوە بۆ دابەشکردنی کار و ئەرکی نەنووسراوە. لەتەنیشت جیاوازیی بەرچاوی مەزهەبی \"شیعە ـ سوننە\" و کاریگەری ئەو جیاوازییە بۆ درووست کردنی بۆشایی لەنێوان کورد و ئازەری دەگەڕێتەوە، جیاوازیەکەی دیکەش هەیە کە من ناوی لێ‌دەنێم دابەشکردنی کار و ئەرکی نەنووسراوە. بەم مانایە ئەگەرچی هاوکات کاریگەری ناسیۆنالیزمی کوردی و تورکی لە ئاستی ئوستاندا بەدی دەکرێ‌، بەڵام ئەو دوو ناسیۆنالیزمە لە نیزامی سیاسیی ئێراندا بەشێوەی یەکسان کاریان بۆ دابین نەکراوە، تورکەکان، کە زۆربەیان شیعەن، بە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەبەکەیان حاڵەتی هاووڵاتیی دەرەجە یەک و کامڵیان هەیە و هەم لەلایەن بناژۆخواز و هەمیش لەلایەن نیزامەوە پشتیوانیان لێ‌دەکرێ‌.

لەبەرامبەریشدا کوردە سوننەکان هەن، کە بەهۆی پێگەی مەزهەبی و هەروەها پێشینەی قەیرانی سیاسی و نیزامیی لەناوچەکەدا وەکوو هاوولاتییەکی تەواو و کامڵ چاویان لێ‌ناکرێ‌، ئەوانە بە حوکمی ئەوەیکە بە بەردەوامی پشتیوانیان لە ئاڵۆگۆڕی مودیرییەتی کردووە، مەیلیان بەرەو رێفۆرمخوازەکان هەیە و گرووپی یەکەم خۆیان بە \"پۆزیسیۆن\" و گرووپی دووهەم خۆیان بە \"ئۆپۆزیسیۆن\" دەزانن. مەبەستی من لە دابەشکردنی کاری نەنووسراوە ئەومەیە، بەڵام کەمینەیەکی رێفۆرمخوازیش لەنێوان بژاردە تورکەکاندا هەیە، کەلە کوردەکان نزیک بوونە و لەپێوەندیی روانینی سیاسیی بۆ پرسەکان هاوبیر و باوەڕن.

ئەو تایبەتمەندییە وای‌کردووە کە لە دامەزراندن و دابەش کردنی سیاسەت بە شێوەیەکی یەکسان و تەنانەت هێندی پێگەی کۆمەڵایەتیی جیاوازییەکەی بەرچاو لەنێوان ئەو گرووپەدا دروست بێت و کوردەکان بە بەردەوامی ناڕەزایەتییان بەو پرسە نیشان داوە و لێرەدایە بەشێوەیەکی گشتیی کوردەکان لە دەوارانی رێفۆرمخوازەکاندا بە شێوەیەکی بەربڵاو ویستی خۆیان بە مەبەستی دادپەروەری لە ئاستی ئوستاندا دەهێنە بەر باس و زۆر سروشتییە کە کوردەکان بە بەردەوامی لە دەلاقەی هیوا و ئۆمێدوە چاویان بڕیوەتە ئاڵوگۆڕی مودیرییەتی و هەر بەو هێوایەشەوە بەشداریی لە پرسە سیاسییەکاندا دەکەن.

ئەوەیکە ئێستا هەیە سەرەڕای سەرنەکەوتن، زۆر خۆڕاگرانە کار بۆ بەدەستهێنانی دامەزراندنی دادپەروەری و وەدیهێانی مافی هاووڵاتی دەکەن.

کوردپا: ئەو رەخنەیەی کەلە سیستمی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامیی لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا هەیە چییە؟ و خوێندنەوەی ئێوە بۆ \"بەڕێوەبەریی خۆجەیی\" چیە؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: ئەوەیکە لە پرسیاری پێشوودا وڵامم دایەوە، رەخنەیەکی زۆر گرینگە و هێندێ‌کەسایەتیی ناسراو هەیە کە لە سۆنگەیەکی زۆر کۆنەپارێزانەوە چاو لە پرسی کورد لە ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاوادا دەکەن و دیارە بە شێوەیەکی گشتیی روانینی ئەمنیەتی خۆی بەسەر ئوستانەکەدا زاڵ کردووە و ئاکامەکەشی پاشەکشەی ئەو ئوستانە لە بوارە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی‌یەکان دایە، بەچەشنێک کە ئەو ئوستانە لە سەرەتای \"شۆڕش\"‌ـەوە هەتا ئێستا هیچ گەشە و پەرەگرتنێکی بە خۆیەوە نەبینیوە.

ئەو روانینە ئەمنیەتییە بۆتە هۆی ئەوەی کە بیرۆکەی دروست کردنی ئوستانێکی نوێ‌بێتە ئاراوە. لە راستیدا پاساوەکە ئەوەیە کە لەو رێگەیەوە پێوەندیی راستەوخۆ لە گەڵ ناوەند دروست دەبێت و کوردەکان باشتر دەتوانن ویستەکانیان بە تاران بگەیەنن.

شێوەی هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پرسەش زۆر جێگەی سەرنجە، کاتێک کە ئەو پرسە جاریکی دیکە لەلایەن نوێنەری مەهابادەوە لە مەجلیس هاتە بەر باس، لەلایەکەوە نوێنەرانی ورمێ و میاندواو بە توندترین شێوە پەرچەکرداریان نیشان دا و لەلایەکی دیکەوە ناسیۆنالیستە تورک و ماڵپەڕە نافەرمیەکان بە کەڵک وەرگرتن لەرێگەی غەیری ئەخلاقی و نەشیاو هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئەو پرسە کرد و خوازیاری پەرچەکرداری دەوڵەت بە قسەکانی \" کۆچبەر و میوانە کوردەکان\"بوون و لێرەدایە کە من وەکوو خۆم پشتیوانیم لە بیرۆرکەی \"مودیریەتی خۆجەیی\" نەکردووە و لەوباوەڕەدام ئەگەر ماف و مانای هاووڵاتی بوون بەشێوەی عادڵانە دابەش بکرێت و هەروەها بەشێوەیەکی یەکسان کار بەسەر کورد، تورک، فارس و عەرەب-‌دا دابەش بکرێت، کێشەیەک نیە، کەلە ناوچەی خۆیان کاریان پێ‌بدرێت، کاتێک کە بەپێی پێوانە \"قەومی\" و مەزهەبیەکان کێشە بۆ کارکردن هەیە، تازە ئەو کاتەیە کە دیانهەوێ‌رێگەچارە بۆ کێشەکە بدۆزنەوە.

ئاژانسی کوردپا: چالاکانی سیاسی، فەرهەنگی و مەدەنیی کورد لە رەوتی ئەو ئاڵوگۆڕانەدا چ رۆڵێکیان هەیە و یان دەبێ‌هەیانبێ‌؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: دیارە لەلایەکەوە کاریگەر و شوێن دانەرە، چونکە پێشتریش وتمان کوردەکان بە دوای ئاڵۆگۆڕی کۆمەڵایەتیی و سیاسین و هەر بۆیە بە بەشدارایان لە کار و دەنگدانیان بە رێفۆرمخوازەکان دەیانهەوێ‌گۆڕانێک دروست بکەن، بەڵام کاتێک کە مەسەڵەی گۆڕان دێتە گۆڕێ‌هیچ پێشوازییەک لە بیرۆکەی ئەوان ناکەن و دەیانخەنە پەراوێزەوە و ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ دابەش ردنەی کاری نەنووسراوە، هەر چەندە شێوەی هەڵسوکەوتی رێفۆرمخوازەکان لەگەڵ میانەڕەوەکان زۆر جیاوازە لەگەڵ هەڵسوکەوتی بژاردەکان لەگەڵ بناژۆخوازەکان، بەڵام ئەو کێشانەی کە لە سەرەوەباسمان کرد بوونی هەیە.

وەکوو نموونە لە سەرەتای دەوڵەتی روحانیدا، لە نامەیەکدا دۆخی ئوستان شێ‌ کراوەتە و واژۆکەرانی نامەکە رایانگەیاند بە مەبەستی دروشمە تەبلیغاتیەیانی ئامادەی هەموو هاوکارییەکن و تەنانەت ئاگاداری ئەوەم کە روحانی نامەکەی خوێندۆتەوە و وا دیارە کێشەیەکی لەگەڵ نامەکە نەبووە و کاتێیش کە ئوستانداری نوێ‌هەڵبژێردرا چاوەڕوانی ئەوە دەکرا کە ئەویش بەدواداچوون بۆ نامەکە بکات. دوای ئەوەی هیچ پەرچەکردارێک لەلایەن ئەو ئوستاندارەوە نەبینرا، نامەیەکەی دیکەی بۆ نووسرایەوە بەڵام ئەو جارەش وڵامی نامەکە هەر بێدەنگی بوو، دیارە مەبەستی من ئەوە نیە کە ئوستانداری نوێ‌دژایەتیی لەگەڵ نامەە هەبووە، بەڵکوو وا دیارە کە زەختی لەسەر بووە و ناهێڵن کە گوێ‌بە قسەکانی هاووڵاتیانی کورد بدات.

کوردپا: دەسەڵاتی رەهای ناوەندە ئەمنیەتیی ـ نیزامیەکان لەکوردستانی ئێران، بە مەبەستی گۆڕانی بەڕێوەبەریی لە ئوستاندا، چ پاساو و پێویستیەک هەیە؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: لەگەڵ ئەو قسەیە زۆر کۆک نیم، بە هەر حاڵ دەبێ‌درێژە بە کارەکە بدەین هەتا ئەوەی لەشوێنێک بە ئەنجام بگەین. ئەگەر بەپێی ئەو ئیدیعایە دەبێ‌دەست لەکار و تێکۆشان هەڵبگرین و هیوا بڕ بین، ئیدی نابێ‌هیچ بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بە فەرمیی بناسین، ئەوانەی کە زۆر بە هیواوە و بە پشت بەستن بە رێگە دێمۆکراتیەکان هەنگاویان بۆ گۆڕان هەڵێناوەتە دەتوانین ئەو تەسویرە لە زەینی خۆماندا دروست بکەین کە دەکرێ سەرکەوتوو بن، لە هەڵبژاردنی ئەو دواییەدا زۆرترین گەڵاڵە و پڕۆژەکان پێوەندییان بە \"قەوم\" و مەزهەبەکانەوە بوو و ئەو ئەدەبیاتە کاریگەری خۆی هەیە و تەنانەت بناژۆخوازەکان وەکوو تەبلیغ کەڵکیان لێ‌وەرگرت و ئەگەری ئەوە هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا کەڵکی زیارتریشی لێ‌وەربگیردرێ‌.

کوردپا: پرس و دەنگۆی دامەزراندنی کوردستانی باکوور لە ئازەربایجانی رۆژئاوا بە لاوازی کوردەکان بە مەبەستی زاڵ نەبوونیان بەسەر سەرچاوەکانی هێز دەزانن و یان جۆرێک لە پێنەگەیشتنی سیاسیی؟

عەبدولعەزیز مەولوودی: بیرۆکەی دامەزراندنی ئوستانی موکریان زیاتر کەم هێنان و لاواز بوون لە هەمبەر دەست پێڕانەگەیشتن بە سەرچاوەکانی دەسەڵات و هێزە و پێنەگەیشتووی سیاسیش لەو نێوەدا رۆڵی هەیە، چونکە بۆ درێژە پێدان بە رێگاکە و دەربڕینی ویستەکان دەکرێ‌لە مکانیزمی جیاواز کەڵک وەربگیردرێ‌و یەکێک لەو رێگایانە گەڵاڵەی گۆڕانی بەڕێوەبەریی خۆجەییە و یەکێکی دیکەش پرسی ئوستانی موکریانە.

ـ عەبدولعەزیز مەولوودی ساڵە ١٣٤٣ لەشاری مەهاباد لەدایک بووە و خوێندکاری دکتوڕای زانستە سیاسییەکانی زانکۆی نێودەوڵەتی مالیزی بووە.

ـ مەولوودی لە زانکۆکانی سەقز، بۆکان و مەهاباد وانەی وتوووەتەوە و یەکێک لەدامەزرێنەرانی ئەنجومەنی کۆمەڵناسی لە کوردستانە.