واکسەنی ماوەبەسەرچوو گیانی هاووڵاتییەکی لە دێولان ئەستاند

11:00 - 27 رەشەمه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەممە، هاووڵاتییەک بە ناوی "جەلیل کەرەمی"، کوڕی ڕەحمەت، تەمەن ٤٠ ساڵ و خێزاندار، بەهۆی کوتانی واکسەنی ماوەبەسەرچوو لە نەخۆشخانەی "شوهەدا"ی شاری دێولان، ، گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاندووە: "جەلیل کەرەمی کە تووشی نەخۆشیی هەناسەبڕکێ ببوو، لەگەڵ کوڕەکەی سەردانی نەخۆشخانەی شوهەدای شاری دێولانیان کردووە و پاش پشکنینی پزیشکی، پزیشکی ئەو نەخۆشخانەیە، واکسەنی ماوەبەسەرچووی لێداوە و پاش ١٠ خولەک ئەو هاووڵاتییە گیانی لەدەست داوە."

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە گیانلەدەستداوە، پاش ئەو ڕووداوە، لەگەڵ کادر و پزیشکەکەکانی نەخۆشخانەی شوهەدا، تووشی دەمەقاڵێ و شەڕ بوونە.

بە وتەی ئەو سەرچاوە ئاگادارە، پاش ئاگادارکردنی هێزە ئینتیزامییەکان و هاتنی ئەو هێزانە و دەرکەوتنی ڕاستیی ڕووداوەکە، هێزە ئینتیزامییەکان، ئەو پزیشکەیان دەسبەسەر کردووە.