"والی دروودی" و "عومەر ئیمامی" لە زیندان ئازاد کران

12:28 - 26 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: دوو زیندانیی سیاسی کورد لەسەر ڕەزامەندیی دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزد، لە زیندانی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کران.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٦ی سەرماوەز، "والی دروودی" و "عومەر ئیمامی"، دوو زیندانیی سیاسیی کورد، بە ڕەزامەندیی دادستانی و ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزد لە زیندان ئازاد کران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕەزامەندیی ئازادکردنی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە پاش بڕیاری کۆتایی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان دراوە.

"والی دروودی" بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتاهەتایی مەحکووم کراوە و پاش ١٨ ساڵ زیندانی لە مانگی ڕەشەمەی ساڵی ٩٣، هەشت ڕۆژ مورخەسیی پێدرا.

"والی دروودی، خەڵکی گوندی "چرۆسانە"ی سەر بە کامیارانە و یەکێک لە زیندانییانی دەیەی ٦٠ی هەتاوییە، ساڵی ١٣٧٢ لە زیندان ئازاد کرا و دواتر لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان، سەرلەنوێ دەسبەسەر کرایەوە.

پاش داوا بەردەوامەکانی "والی دروودی" و بنەماڵەی بۆ بەدواداچوونی حوکمەکەی، لە ئاکامدا کۆمیسیونی لێبووردنی دەزگای دادوەری بە کەمکردنەوەی حوکمی زیندانیی "والی" ڕەزامەندیی دەربڕی.

"عومەر ئیمامی"  و "والی دروودی"، بە تۆمەتی ئەندامێتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، حوکمی زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ بڕابووەوە.

"عومەر ئیمامی" کوڕی "حوسێن" و دانیشتووی گوندی "کڵاش" سەر بە کرماشانە.

"عومەر ئیمامی" لە نێوەڕاستی ٧٠کاندا، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیران، هەتا ئەمڕۆ لە زینداندا بووە.