والی دروودی بە دانانی بارمتە مەرەخەسی پێدرا

13:06 - 17 رێبەندان 2716
ئاژانسی کوردپا: یەکێک لە زیندانییانی لە مێژینەی کورد بە دانانی بارمتە بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ هاتە مەرەخەسی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی پێنج‌شەممە ١٤ی ڕێبەندان، والی دروودی، یەکێک لە زیندانیانی لە مێژینەی کورد، بۆ پێنجەمین جار لە زیندانی ناوەندیی یەزد ، ئیزنی سەردانی بنەماڵە و کەس و کارەکەی پێدرا.

سەرچاوەی هەواڵ لە شاری کامیاران بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای ڕاگەیاند: بەرپرسانی زیندانی ناوەندیی شاری یەزد بە وەرگرتنی بارمتە له والی دروودی بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مەرەخەسیان بەو زیندانییە کوردە داوە.

ئەو سەرچاویە ئەوەشی خستەڕوو، بارمتەی ئەو زیندانییە کوردە قەباڵەی دوو خانووە بووە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردەییەکانی دژبەری حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بە زیندانی هەتا هەتایی مەحکووم کرابوو، بەڵام دواتر حوکمەکەی بۆ ٢٥ ساڵ کەم کرایەوە.

والی دروودی لە سەرەتاکانی دەستپێکی شۆڕشی ساڵی ٥٧ ماوەیەک زیندانی و ساڵ ٧٢ی هەتاوی پاش سێ ساڵ لە زیندانی شاری سنە ئازاد کرا.

والی دروودی لەگەڵ سێ زیندانیی دیکەی کورد بە ناوەکانی محەممەد مورادی، عومەر ئیمامی و عەلی ساڵحی لە ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە پارێزگای کرماشان دەستبەسەر کران.
والی دروودی خەڵکی گوندی چرۆسانە سەر بە شاری کامیارانە.