وال ئێستریت جۆرناڵ: ئێران لە دوو پارێزگای كوردنشینەوە هێزێكی زۆری رەوانەی سووریە كرد

22:01 - 7 خەرمانان 2712
ئاژانسی كوردپا: وال ئێستریت جۆرناڵ رۆژنامەی ئەمریكایی لە راپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە، حكوومەتی ئێران بۆ پێشگیری لە رووخانی حكوومەتی سووریە، چەندین فەرماندەی سپای قودس و سەدان هێزی بەسیجی و سەربازی رەوانەی سووریە كردووە.

لە راپۆرتەی وال ئێستریت جۆرناڵ و بە پشت بەستن بە زانیاریی دوو ئەندامی سپای پاسداران هاتووە، كە چەند فەرماندەیەكی شاخەی دەرەوەی سپاسی پاسدارانی ئێران (قودس) و سەدان هێزی بەسیجی و سپایی و سەربازی سادە لەلایەن حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە رەوانەی دیمەشق كراون.

لە راپۆرتەكەی وال ئێستریت جۆرناڵدا ئاماژە بەناوی سەرچاوە ئاگادارەكەی ناو سپای پاسداران نەكراوە.

هەر لە مانگی یەكەمی سەرهەڵدانی پشێوی و ناڕەزایەتییەكان لە سووریە، وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریكا حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانیان بەوە تاوانبار كرد كەلە سەركوتی ناڕەزایەتییە خەڵكییەكاندا یارمەتیی حكوومەتی سووریەی داوە و هەر بەو بۆنەوە هێزەكانی سپای رەوانە ئەو وڵاتە كردووە.

بەم حاڵەوە هەتا ئێستا تەنیا یەك لێپرسراوای باڵای نیزامیی حكوومەتی ئێران مەسەلەی پشتیوانیی ئێران لە حكوومەتی بەشار ئەسەدی تەئید كردووە.

ئیسماعیل قائانی جێگری فەرماندەی هێزی قودسی سەر بە سپای پاسداران مانگی جۆرزەردانی ئەمساڵ لە لێدوانێكدا لەگەڵ هەواڵدەرییە فەرمییەكانی ئێران جەختی كردەوە كە هێزە نیزامییەكانی وڵاتەكەی رۆڵیان لە رووداوەكانی سووریەدا گێڕاوە و راشكاوانە ئاماژەی بە حزووری بەرچاوی هێزەكانی سپای قودس لە سووریە كردووە.

لە درێژەی راپۆرتەكەی رۆژنامەی وال ئێستریت جۆرناڵدا هاتووە، كە ئەو سەدان هێزەی ئێران كە بەم دوایانە رەوانەی سووریە كراون زیاتر لە لق و شاخەكانی سپای پاسدارانی دەرەوەی تاران و بەتایبەت ئاماژەی بە پارێزگاكانی ئازەربایجانی رۆژئاوا و كوردستان كردووە.

ئەو هێزانەی ئێران بڕیارە جێگای ئەو هێزانەی سووریە بگرنەوە كەلە ماوەی 18 مانگی رابردوودا لە ئەرتشی ئەو وڵاتە جیا بوونەتەوە.

لە حەفتەكانی رابردوودا عەلائەدین برووجردی ئەندامی كۆمیسیۆنی ئەمنیەتی میللیی و سیاسەتی دەرەوەی ئێران سەردانی سووریەی كرد و لەگەڵ زۆرێك لە لێپرسراوانی باڵای حكوومەتی سووریە دیداری كرد.