واحید شێخ‌محەممەدی بە ٦ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا

12:25 - 19 خاکەلێوه 2722

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "واحید شێخ‌محەممەدی" خەڵکی گوندی "ئاڵیاوێـ"ـی شاری شنۆ، لەلایەن لقی ١ی دادگای ئینقلابی ئەو شارە، حوکمی ٦ مانگ زیندانی تەعزیری بە سەردا سەپا.

دادگا ئەو هاووڵاتییەی بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکان" تۆمەتبار و ئەو حوکمە سەرەتای مانگی خاکەلێوە، بە شێوی فەرمی بەو هاووڵاتییە ڕاگەیەندرابوو.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییە ساڵی ڕابردوو، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی شاری شنۆ، بەڕێوە چووبوو.

ڕۆژی شەممە ۲۳ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، واحید شێخ‌محەممەدی بە دانانی بارمتە لە زیندانی شنۆ هەتا کاتی دادگاییەکی ئازاد کرابوو.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی چوارشەممە ۲۰ی ڕەشەمەی ساڵی ٩٩، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەی لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکان لە ورمێ، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی شەممە ۱۱ی ڕێبەندانی ١٣٩٩، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردبووە سەر ماڵی واحید شێخ‌محەممەدی و پاش پشکنینی ماڵەکەی، ناوبراویان دەسبەسەر کردبوو.