هەڵەی پزیشكی، مەرگی کچە خوێندکارێکی کوردی لێکەوتەوە

15:52 - 19 بانەمەڕ 2715
ئاژانسی کوردپا : حاڵەتەکانی مەرگی هاووڵاتییانی کورد بەهۆی هەڵەی پزیشکی و کەمتەرخەمیی کادری پزیشكیی نەخۆشخانەکانی کوردستان، حاڵەتی قەیرانی بەخۆیەوە گرتووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کچێکی خەڵکی سنە بەناوی \'\'دڵنیا رەحیمی\'\' کچی \'\'محەممەد\'\' بەهۆی هەڵەی پزیشکیی نەشتەرگەرانی نەخۆشخانەی \"توحید\"ی ئەو شارە، گیانی لەدەست دا.

ئەو کچە تەمەن ٢٤ ساڵە خوێندکاری وەرزی کۆتایی (ترم آخر) کارناسیی زانکۆی کوردستان بووە.

سەرچاوە خۆجێیی‌یەکان باسیان لەوە کردووە کە کەمتەرخەمیی پزیشکەکان کاتێک ئاشکرا بووە کە دەماری نێو لووتی ئەو کچە خوێندکارە پێش لە نەشتەرگەری نەبستراوە و دوای نەشتەرگەرییەکە، بەهۆی چوونی خوێن بۆ مێشکی لە رێگای ئەو دەمارەوە، گیانی لەدەست داوە.

رووداوەکە رێکەوتی ١٠ی بانەمەڕ رووی داوە و ئێستا لە ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو بووەتەوە.

گیان لە دەستدانی ئەم هاووڵاتییە لە کاتێک دایە کە ماوەیەک بەر لە ئێستا، یەکێک لە بەرپرسانی ئوستانی کوردستان بە ماڵپەڕی حکوومەتیی \'\'مێهر\'\'ی رایگەیاندبوو؛ لە ماوەی ساڵی رابردوودا ٢٤٥ حاڵەتی هەڵەی پزیشكی لەو ئوستانە خراوەتە بەر باس و لێکۆڵینەوە لەسەر کراوە.