هەڵەی پزیشكی لە کاتی منداڵبوونی ژنێکی دووگیان قوربانی لێ کەوتەوە

14:05 - 9 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: جارێکی دیکە هەڵەی پزیشکی لە شاری سەقز، منداڵێکی کۆرپەی لە ناز و سۆزی دایکی بێبەش کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، ژنێکی دووگیان بە ناوی \"لەیلا بەرایی\" لە کاتی منداڵبوون لە نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعی ئەو شارە بە هۆی کەمتەرخەمیی پزیشکیی گیانی لە دەست دا.

ئەو ژنە دووگیانە لەژێر چاوەدێریی یەکێک لە شارەزایان و پسپۆڕانی ژنان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەی تەئمینی ئیجتماعی شاری سەقزدا بووە.

بەرپرسی ئەو نەخۆشخانەیەی شاری سەقز وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە ڕایگەیاند: \"پاش لێکۆڵینەوەی زۆرتر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە دووگیانە ڕادەگەیەنین.

دەوترێ، تیمێک لە زانکۆی زانستی پزیشکی بۆ لێکۆڵینەوە سەبارەت بە گیان لە دەستدانی ئەو ژنە دووگیانە هاتوونەتە شاری سەقز.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، ئاماری کەمتەرخەمییە پزیشکییەکان لە ئێراندا، ڕووی لە زیادبوون کردووە و بە وتەی بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاسایی زۆرترین سکاڵای کەموکۆڕیی پزیشکی تایبەت بە ژنان و منداڵبوون بووە.

بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاساییی ئێران، باسی لە بەرزبوونەوەی ٢١%ی مەحکوومبوونی پزیشکی لە ئێراندا کردووە.