هەڵەی پزیشکی ئەمجارە لە ورمێ گیانی ژنێکی دووگیانی ئەستاند

20:21 - 10 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: هەڵەی پزیشکیی یەکێک لە دوکتورەکانی شاری ورمێ، مردنی ژنێکی دووگیانی لێ‌کەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی ٨ی ڕەشەمە، ژنێکی دووگیان بە هۆی هەڵەی پزیشکی لە نەخۆشخانەی \"کەوسەر\"ی شاری ورمێ گیانی لەدەست دا.

شوناسی ئەو ژنە دووگیانە \"نافیا داوتی\" خەڵکی گوندی\"ملونە\" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی شاری ورمێ ڕاگەیەنراوە.

دەوترێ، ئەو ژنە کوردە بە هۆی لە بیرکردنی لێدانی تەقەڵ لە توێی ناوەوەی زگی تووشی خوێنبەربوونی هەناوی بووە و ئەمەش بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە کوردە.

ئەو ژنە دووگیانە پاش منداڵ بوون لە نەخۆشخانەی کەوسەری شاری ورمێ مورەخەس کراوە و پاش چەند ڕۆژ بە هۆی ئێش و ئازار لەلای زکیەوە بۆ نەخۆشخانەی \"سید الشهدا\" گوازراوەتەوە.

پزیشکانی نەخۆشخانەی سەیدولشوهەدا هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە کوردە\"یان بە نەبوونی تەقەڵ لە توێی ناوەوەی زگی و ئاودز کردن\" ڕاگەیاندووە و منداڵە ١٠ ڕۆژەکەی ئەو ژنە، بۆ هەتا هەتا لە بوونی سۆزی دایکیی بێبەش کراوە.

لە ماوەی ٤٨ کاتژمیری ڕابردوودا، ئەمە دووهەمین گیانلەدەستدانی هاووڵاتییانی کوردە کە دەبنە قوربانیی هەڵەی پزیشکی لە کوردستان.

لە ڕۆژانی ڕابردووشدا هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەریوان ڕایگەیاند؛\"ژنێکی دووگیان بە ناوی سوهەیلا مەولوودی تەمەن ٣١ ساڵ، کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر پاش نەشتەرگەریی سزاریەن گیانی لەدەست داوە.

بەپێی وتەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان؛ \"م.ا پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ژنان و زایمان، لە نەخۆشخانەی \"بوعلی\"ی مەریوان، سەرنجی نەداوتەە ئاکامی نەشتەرگەریەکەی و بەدواداچوونی بۆ دۆخی نەخۆشەکەی نەکردووە، هەربۆیەش سۆهەیلا بە هۆی بەربوونی خوێن و دابەزینی فشارخوێنی، گیانی لەدەست داوە.\"