هەڵەی پزیشکی، گیانی ژنێکی دووگیانی ئەستاند

15:12 - 30 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ژنێکی پاوەیی بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان، گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی گەلاوێژ، ژنێکی دووگیان بە ناوی \"ژیلا قادرزادە\" کچی \"محەممەد نەقی\"، خەڵکی گوندی \"دشە\"ی شاری پاوە، بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکی لە نەخۆشخانەی ئیمام ڕەزای شاری کرماشان، گیانی لەدەست دا.

ئەو ژنە دووگیانە، بەهۆی هەڵەی پزیشکی لە کاتی ژانگرتن بە کۆرپەکەیەوە، گیانی لەدەست داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی سێشەممە، ١ی گەلاوێژ، ژنێکی دووگیان لە کاتی ژانگرتن، سەردانی نەخۆشخانەی \"ڕازیـ\"ـی شاری بانەی کردبوو و بەهۆی ناشارەزایی کادرە دەرمانییەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، کۆرپەڵەکەی گیانی لەدەست دابوو.

لە ئێراندا زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێت، بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەر دەستدا نییە، بەڵام بەپێی ئاماری فەرمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزار دۆسیە، لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.