هەڵەی پزیشکی کۆرپەیەکی لە سۆزی دایکی بێبەری کرد

11:19 - 6 بەفرانبار 2720

بەهۆی ناشارەزایی پزیشکیی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی خومەینی لە سەردەشت، ژنێکی لاو خەڵکی ئەو شارە پاش دوو کاتژمێر لە منداڵبوونی، گیانی لەدەست دا.

هەواڵنیری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ژنە لاوەی "تووران ڕەسووڵزادە" تەمەن ٣٦ ساڵ ڕاگەیاندووە.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: "ئەو ژنە لاوە پاش ژانگرتنی لە کاتی منداڵبوون، سەردانی نەخۆشخانەی خومەینی لە سەردەشت دەکات و بەهۆی خوێنبەربوونی ناوکی، پاش دوو کاتژمێر دوای منداڵبوونەکەی، گیانی لەدەست دەدات".

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها ڕایگەیاند: "ئەو ڕووداوە ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ی سەرماوەز ڕووی داوە و هەتا ئێستا تۆڕی تەندروستی و دەرمانیی شاری سەردەشت، لە مەڕ ئەو ڕووداوە و هۆکاری گیان لەدەستدانی ئەو ژنە لاوە، هیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، بنەماڵەی تووران ڕەسووڵزادە، لە ناوەندە پەیوەندیدارەکان سکاڵایان لە سەر کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانە خومەینی تۆمار کردووە.

پاش یەک حەوتوو لەو ڕووداوە، هەتا ئێستا لەلایەن میدیا حکوومەتییەکانەوە، ئەو هەواڵە ڕووماڵ نەکراوە.