هەڵەی پزیشکی لە شاری جوانڕۆ گیانی دایکێکی دووگیان و کۆرپەڵەکەی ئەستاند

13:45 - 13 بانەمەڕ 2721

ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بانەمەڕ، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری جوانڕۆ، بە ناوی "شەیدا عەبدی"، کچی سەیفوڵڵا و خەڵكی گوندی "زێران" بەهۆی ناشارەزایی پسپۆڕی کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی ئەو شارە، خۆی و کۆرپەڵەکەی گیانیان لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، پاش ڕەوانەکردنی ئەو ژنە لاوە بۆ ژووری نەشتەرگەری، بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکی (خونریزی داخلی)، ئەو ژنە گیانی لەدەست داوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتوویەتی: "هیچکام لە کادرە دەرمانییەکانی نەخۆشخانەی شاری جوانڕۆ، بەرپرسایەتیی ئەو ڕووداوەیان لە ئەستۆ نەگرتووە و هەمان ڕۆژ جەنازەی ئەو ژنە دووگیانە بۆ لێکۆڵینەوە ڕەوانەی پزیشکی دادی کرماشان کراوە".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند: "هەمان ڕۆژ جەنازەی ئەو ژنە گیانلەدەستداوە، لە زێدی خۆی ئەسپەردەی خاک کراوە".