هەڵەی پزیشکی سۆمای چاوانی لە \"شۆخان\" ئەستاند

19:56 - 13 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: دۆخی کچە کوردێک کە بە هۆی لێدانی دەرزی هەڵەوە سۆمای چاوانی لە دەست داوە، نالەبارە.

بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵەی بنەماڵەیەکی کوردی یەکێک لە گوندەکانی شاری دیواندەرە، دوو ساڵ بەر لە ئێستا و بە هۆی تووشبوون بە پەتا و لێدانی دەرزی \"پنی سیلین\" سۆمای چاوەکانی لە دەست داوە و پزیشکان هیوایەکیان بە چارەسەری ناوبراو نییە.

شۆخان براخاسی، کچێکی تەمەن ٦ ساڵەی خەڵکی گوندی \"کەڵەکان\"ی دیواندەرە بە هۆی لێدانی دەرزی چینی لە دەرمانگای دیواندەرە، تووشی بلۆقی پێست، وەرینی قژ و نینۆک بووە و پاش سێ مانگ سۆمای چاوەکانییش لە دەست دا.

پزیشکەکان دواتر رایانگەیاند کە شۆخان تووشی نەخۆشیی \"سەندرۆم ئەستیۆن جانسۆن\" بووە.

\"18153.jpg\"
رۆژنامەی \"اعتماد\" هەواڵی بەدواداچوونی ئەو دۆسیەیەی لەلایەن باوکی شۆخان و چەند کەسایەتیی دیکەی ئوستانی کوردستانەوە بڵاو کردووەتەوە.

عەباس براخاسی باوکی شۆخان بە هەواڵنێری ئەو رۆژنامەیەی راگەیاندووە، کە هەتا ئێستا دوو جار نەشتەرگەریمان بۆ ئەنجام داوە و هێشتا شتەکان بە شێوەی تارمایی دەبینێت و هێزی لێکجیاکردنەوەی کەرەستەکانی نییە.

هەرچەند ئەو هاوڵاتییە کوردە رایگەیاندووە کە هیچ سکاڵایەکی دژی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان تۆمار نەکردووە، بەڵام لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەردان و بەدواداچوونەکانی باوکی شۆخان بۆ فەرمانداریی دیواندەرە و نیزامی پزیشكی و نوینەرانی مەجلیس، ئاکامێکی نەبووە و تەنانەت تێچووی هاتووچۆی دەرمانی شۆخان، بۆ خۆیان دابینیان کردووە.

تێچووی نەشتەرگەری چاوی ئەو کچە ٦ ساڵانە لە نەخۆشخانەی فارابی تاران نزیک بە ٦ میلیۆن تمەن بەراورد کراوە کە بە سەرنجدان بە پیشەی وەرزێڕی و هەبوونی ٣ منداڵ، دابین کردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ عەباس باوکی شۆخان ئەستەمە.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد محەممەدرەزایی، نوێنەری خولی شەشەمی مەجلیس لە ئوستانی کوردستان و حوسەین ئەحمەد نیاز پارێزەری دادگوستەری، بە شێوەیەکی خۆبەخشانە هەوڵی یارمەتیدانی ئەو بنەماڵە کوردەیان داوەو محمەدرەزایی لەو پەیوەندییەدا چەندین جار پەیوەندی بە وەزیری بێهداشت کردووە و بەڵێنی هاوکاریی بە شۆخانی لێ وەرگرتووە.

ئەو پارێزەرە دەڵێ ئەگەر ئەو کچە بە تەواوەتی سۆمای چاوەکانی لە دەست دابێت، خوێن بایی تەواوی بەر دەکەوێت و پێویستە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی کوردستان قەرەبووی بکاتەوە.

بەپێی ماددەی ٢٤ی یاساکانی نیزامی پزیشکی رەچاونەکردنی بەرپرسایەتی و کەمتەرخەمی لە بەڕێوەبردنی ئەرکە یاساییەکاندا و زوڵم کردن لە نەخۆشەکان بە هۆی پزیشکی، تاوان بە ئەژمار دێت و دوورخرانەوەی کاتی یان هەمیشەییە بۆ ئەو پزیشکە بە دواوە هەیە.

بەوتەی هێندیک لە کارناسان و زانایان، ئێران لە بیاڤی شێوازەکانی تۆمارکردن و بەدواداچوون و پێراگەیشتن بە سەرپێچییە پزیشکییەکان لانیکەم ٤٠ ساڵ لە ئیستانداردە جیهانیەکان لە دواوەیە.

مانگی رابردوو بەرپرسی رێکخراوی نیزامی پزیشکیی ئێران رایگەیاند؛ هێشتا لە وڵاتدا نیزامێکی راستەقینەی تۆمارکردنی هەڵە پزیشکییەکانمان نییە، بەڵام تۆمارکردنی حاڵەتەکانی هەڵەی پزیشکی لە نێو منداڵان، خزمەتگوزاریی ئورژانس، بەساڵاچووان لە ئاستێکی بەرز دایە.
\"18150.jpg\"

\"18149.jpg\"

\"18147.jpg\"

\"18148.jpg\"

\"18152.jpg\"

\"18151.jpg\"