هەڵەی پزیشکی دووبارە قوربانی لێ کەوتەوە

19:22 - 14 خەزەڵوەر 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی هەڵەی پزیشکیی نەخۆشخانەی شاری سەردەشت منداڵێکی کۆرپەی یەک ڕۆژه لە نازی دایکی بێبەش بوو.

بەپێێ ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ١٤ی خەزەڵوەر، بە هۆپی هەڵەی پزیشکیەوە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت ژنێکی لاو گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت شوناسی ئەو ژنە تەمەن ٢٠ ساڵەی \"فەرزانە سامی\" کچی حەمەتاڵی حەسەن ئاغای کۆدلە ڕاگەیاندووە.

\"\"بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرزانە سامی لە کاتی منداڵبووندا، چەند ڕۆژپێش له سەردەشت سەردانی نەخۆشخانەی ئەو شارە دەکات و لە کاتی نەشتەرگەری له ژووی منداڵبوون، بە هۆی پساندنی یەکێک لە دەمارەکانی تووشی خوێنڕێژی \"داخلی\" دەبێت.

ئەو سەرچاوەیەوە لە درێژەدا دەڵێت: بنەماڵەی ئەو ژنە کوردە لە سەر بڕیاری دوکتورەکانی ئەو نەخۆشخانەیە، فەرزانە سامی بۆ نەخۆشخانەی شاری ورمێ دەگوازنەوە و لە نەخۆشخانەی ئیمامی ئەو شارەدا، دەیخەوێنن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی بۆ ئاژانسی کوردپا خستەڕوو، بە هۆی کاریگەری برین و خوێنڕیژی داخلییەوە، سەر لە بەیانی ئەمڕۆ پاش چوار ڕۆژ مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، فەرزانە گیانی لە دەست دا و کۆرپەکەی لە نازی دایکی بێبەش بوو.

بەرپرسی ڕێکخراوی پزیشکی یاسای ئێران باسی لە بەرزبوونەوەی ٢١% مەحکوومەیەتی پزیشکی لە ئێران کرد و ڕایگەیاند: ئاماری \"هەڵەی پزیشکی\" لەو وڵاتە ڕووی لە بەرزبوونەوەیە.

ئەحمەد شوجاعی ١٣ی مانگی پووشپەڕ لە کۆبوونەوەیەکی خەبەریدا گوتی: دۆسیەی کۆمیسیۆنی هەڵەی پزیشکی لە ساڵی ڕابردوو ٧ هەزار و ٢١٤ حاڵەت بووە کە لە ٢٧% گەشەی بەرزبوونەوەی بە خۆوە بینیوە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، زۆرترین سکاڵاکان لە هەڵەی پزیشکی تایبەت بە بەشی\" زنان و زایمان\" بووە.

زۆربەی هەڵە و کەمتەرخەمییەکانی پزیشکی ڕاناگەیەندرێ بەو هۆیەشەوە لەسەر پرسی هەڵەی پزیشکی ئامارێکی دروست لەبەردەستدا نیە، بەڵام بەپێی ئاماری ڕەسمی، ساڵانە نزیکەی ١٢ هەتا ١٣ هەزرا دۆسیەی پەیوەندییدار بە هەڵەی پزیشکی لە ئێراندا تۆمار دەکرێت.