هەڵە پزیشكی و نەشتەرگەرییەكان لە كوردستان روو لە زیاد بوونن

19:42 - 8 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: سەرەڕای ئەوەی كە ئەمڕۆ لە جیهاندا رۆژ لە دوای رۆژ بەهۆی بوونی كەلوپەلی نوێی پزیشكی لە رێژەی مەرگی نەخۆشان كەم بۆتەوە، بەڵام دیسان لە كوردستان بەردەوامیی هەڵەی پزیشكی و نەشتەرگەری گیانی هاووڵاتییانی خستۆتە مەترسییەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا لەناو یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سنە كەمتەرخەمیی پزیشك، نەشتەرگەر و بەشەكانی خزمەتگوزاری لە هەمبەر گیانی نەخۆشەكان، نەبوونی كەلوپەلی پێویست، هەڵەی نەشتەرگەری گیانی هاووڵاتییانی لەو شارە خستۆتە مەترسیەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لەناو ئەو نەخۆشخانەیەی سنەوە ئاشكرای كرد لە چەند رۆژی رابردوودا هاووڵاتییەكی كورد بەناوی \"خالید ئەحمەدی\" خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی دەروروبەری سنە كەلە نەخۆشخانە نەشتەرگەریی بۆ كراوە، رەوشی تەندروستیی بەرەو خراپ بوون رۆیشتووە و گیانی لە مەترسی دایە.

پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دەركەوتووە كە پزیشكەكان لە كاتی نەشتەرگەریدا بە هەڵە \"بۆڕێی قوڕگ\"یان بڕیوە، لە حاڵێكدا دەبوا ئەو نەخۆشە نەشتەرگەریی \"مۆخ\"ی بۆ بكرێت. ئەو رووداوە لە كاتێكدا رووی داوە كە هیچكام لە پزیشكەكانی نەخۆشخانە بەرپرسایەتیی ئەو هەڵە نەشتەرگەرییە ناگرنە ئەستۆ و هیچ پزیشكێكی دیكە لە نەخۆشخانەیەكی تر ئامادە نیە نەشتەرگەریی بۆ بكات و گیانی نەخۆشەكەش لە مەترسی دایە.

سەرچاوەكە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش داوە كە بنەماڵەی ئەو نەخۆشە بە رەخنە و ناڕەزایەتی دەربڕین لە بەرپرسانی نەخۆشخانە رایانگەیاندووە كە نازانن سكاڵایان بەرنە كام لایەن و دام و دەزگای حكوومەتی، چونكە نەخۆشەكەیان بەهۆی هەڵە و كەمتەرخەمیی پزیشك و نەخۆشخانە لە دوایین كاتەكانی ژیانی دایە.

ماوەیەك لەمەوپێش هەر لەو نەخۆشخانەیەی شاری سنە بەهۆی كەمتەرخەمیی پزیشكەكان خانمێكی دووگیان و منداڵێكی تەمەن 4 ساڵ گیانیان لەدەست داوە.