هەڵپەساردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی ٣ شاری ئوستانی کرماشان + وتووێــژ

13:32 - 3 گەلاوێژ 2713
ئاژانسی کوردپا: هەتا ئێستا ئاکامی هەڵبژاردنی شۆرای خوڵی چوارەم لە شارەکانی \"کرماشان، بێستوون و سەرپێڵ زەهاو\"ی سەربە ئوستانی کرماشان، لەلایەن لێژنەی باڵای چاوەدێریی بەسەر هەڵبژاردنەکاندا، تەئید نەکراوە.

بەناردنی لێژنەی باڵای چاوەدێری هەڵبژاردنەکانی ئیران بۆ پێداچوونەوەی سەرلەنوێ بە ئاکامی هەڵبژاردنی شۆرای کرماشان، ئەم خولە لە هەڵبژاردنەکانی ئوستانی ناوبراو، بووە یەکێک لە ئاڵۆزترین هەڵبژاردنەکانی ٣ دەیەی رابردوو.

هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان لە وڵاتی ئیران، رێکەوتی ٢٤ی جۆزەردان هاوڕێ لەگەڵ یازدەیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لەو وڵاتە بەڕێوە چوو.

محەممەد جەواد کۆلیوەند سەبارەت بە ئاکامی هەڵبژاردنی شۆرای شارەکانی \"کرماشان، بێستوون و سەرپێل زەهاو\" بە هەواڵدەریی \"خانە ملت\"ی راگەیاندبوو کە بریار وابوو لێژنەی ناوەندی بۆ جارێکی دیکە پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا بکات.

بەهۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامی پاڵێوراوانی شۆرای شارەکانی کرماشان، بێستوون و سەرپیڵ زەهاو، هەتا ئێستا ٣ جار پیداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردندا کراوەو ئەو ناڕەزایەتییەش هەتا ئێستا بەردەوامە.

یەکێک لە پاڵێوراوانی نارازی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی شۆرای شارەکانی کرماشان، بێستوون و سەرپیڵ زەهاو\" لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وێڕای ئاماژە کردن بە ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپای راگەیاند: بەپێی سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە ئەنجامی هەڵبژاردن، لە ٧٥%ی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی شۆرای ئەو شارانەدا ساختەکاری کراوەو بەهۆی ناڕەزایەتیی بەردەوامیی پاڵێوراوان، بەمزوانە لێژنەیەکی تایبەتی لە تارانەوە دەگەنە کرماشان.

\"14141.jpg\"
ئەو پاڵێوراوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە درێژەدا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، ئەو ساختەکارییە لەلالیەن لێژنەی چاوەدێری هەڵبژاردنی سەرتاسەریی ئوستان و ئەندامانی \"هەیئەتی ئیجرایی\"ـدا بووە کە فەرمانداری کرماشانیش یەکێک لە ئەندامانی ئەو لێژنەیە بووە.

رۆژی رابردوو یەکێک لە ماڵپەڕە ناوچەییەکانی کرماشان بڵاوی کردەوە \"هەیئەتێکی تایبەتی\" بۆ پێڕاگەیشتن بە ناڕەزایەتیی پاڵێوراوانی شۆرای شاری کرماشان، گەیشتوونەتە ئەو شارە.

ئەو ئەندامەی پێشووی شۆرای شاری کرماشان باسی لە نارەزایەتی دەربڕینی ١٢٠ پاڵێوراوی شۆرای شارەکانی کرماشان، بیستوون و سەرپێڵ زەهاوی کرد و رایگەیاند: پرۆسەی گشتیی هەڵبژاردن لەئوستانی کرماشان بەشێوەی نایاسایی وساختەکاری بەرێوەچووەو هاوکات فەرمانداری کرماشانیش لەو پرۆسیەدا بەشدار بووە.

دەگوترێت پاڵێوراوانی ناڕازی، هەواڵ و بەڵگەکانی ساختەکاریی هەڵبژاردنەکانیان بە لێژنەی باڵای چاوەدێری هەڵبژاردنەکان لە تاران، راگەیاندووە.

پێشتر\"فەتحوڵڵا حوسێنی\" نوێنەری خەڵکی سەرپێل زەهاو لە مەجلێسی ئێران بە ئاشکرا رایگەیاندبوو \"ئەگەر دەسەڵات بە من بوایە بەبێ ئەملاولا هەڵبژاردنی شۆرای شارەکانی \"کرماشان، بێستوون و سەرپێڵ زەهاو\"م هەڵوەشاوە رادەگەیاند\".

رۆژێک پاش هەڵبژاردنی شۆرای شاری کرماشان، ٤٠ کەس لە پاڵێوراوانی ناڕازی بە مەبەستی تۆمار کردنی سکاڵا لەمەڕ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، سەردانی دادسەرای کرماشانیان کردبوو کەلە ئەنجامدا ٢ کەسیان بەنوێنەرایەتیی ئەو ٤٠ کەسە، چاویان بە دادوەری گشتی ئەو شارە کەوتبوو.

کێشەکانی شاری کرماشان تەنیا لە هەڵبژاردنی شۆراکاندا خۆی نەبینیوەتەوە، بەڵکوو لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٠ و سەرەتای ساڵی ١٣٩١ی هەتاویدا، ئیدارەی شارەوانی شاری کرماشان بۆ ماوەی ٨ مانگ بێ بەرپرس مایەوە.