هەڵوێستی پارتی دێموکراتی کوردستان لەسەر قسەکانی حەسەن روحانی

14:00 - 7 گەلاوێژ 2715
ئاژانسی کوردپا: ماڵپەڕی‌ فەرمیی پارتی دێموکراتی کوردستان (عێراق) لەوتارێکدا لە ژێر ناوی \" پێشمەرگە پارێزگاری لە جیهان دەکات\" وڵامی قسەکانی سەرکۆماری حکوومەتی ئیسلامی ئێرانی لەشاری سنە، دایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رێکەوتی٤ی گەلاوێژ، حەسەن روحانی لە سەردانێکی بۆ شاری سنە راگەیاندبوو، ئەگەر ئێران نەبوایە هەولێر، بەغدا و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەکەوتنە دەست تیرۆڕیستانی داعش و ئەو قسانە هەڵوێستی پارتی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بە دوای خۆیدا هێناوە.

لەسەردێڕی وتارەکەی پارتی دێموکراتی کوردستاندا هاتووە، چەند راستییەک هەیە کە دەبێ حەسەن روحانی و خەڵکی شاری سنە لێی‌ ئاگادار بن.

لەو وتارەدا هاتووە، داعش رێکخراوێکی تێرۆڕیستیی جیهانیە و ئەندامەکانیان لە هەموو وڵاتانی دونیا هەن و هەڕەشەن بۆ سەر مرۆڤایەتی و هەموو جیهان و بەربەرەکانی کردن لەگەڵ ئەو رێکخراوە تێڕۆریستیە، ئەرکی هەموو لایەکە.

لەبەشێکی دیکەی سەر وتارەکەی ماڵپەڕی پارتی ‌دێموکراتی‌کوردستان‌دا باس لەوە کراوە، لەو شەڕەدا هەرێمی کوردستان باجی گەورەی مادی و مەعنەوی زۆری داوە و پێشمەرگە بە خوێنی خۆیان پارێزگاریان لەخاکی و خەڵکی کوردستان کردووە و توانیویشیانە بەسەر تیرۆریستاندا سەربکەون.

لەو وتارەدا ئاماژە بە بەرخودان، شەهید و برینداربوونی پێشمەرگە کراوە و ئەوەش خراوەتەڕوو، شەهید و برینداربوونی زیاتر لە ٨هەزار پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا بەڵگە و سەلمێنەری ئەو راستییەن کە ئەوە خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە بوون پێشیان بە تەشەنەی تیرۆریستانی داعش بۆ شارەکانی دیکەی کوردستان گرت و شەڕی هەموو وڵاتانی جیهانیان کرد.

ئەوە پێشمەرگەکانی هەرێمی کوردستان بوون بە لەخۆبردوویی و گیانفیدایی سینگی خۆیان کرد بە قەڵغانی گوللەی دوژمن و ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند و نە تەنیا بەرگریان لەخەڵکی کوردستان کرد بەڵکوو بوونە شورەیەکی قایم بۆ ئەوەی داعش هێرشی راستەوخۆ نەکاتە سەر وڵاتانی جیهان و دراوسێکانمان.

لەکۆتایی وتارەکەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان وێرای دەربڕینی سپاس و پێزانینی خۆی سەبارەت بە هاوکاری و پشتیوانی هەموو وڵاتان و هاوکارییەکانی ئێران لەو شەڕەدا، باس لەوەش کراوە کە ئەوە هێزی پێشمەرگە بوو کە لەگۆڕەپانەکەدا خۆینی خۆیان رشت و گیانی خۆیان فیدا کرد.