هەڵوێستی ٢٩ ساڵ لەمەوبەری زیندانییەک لەسەری کرایەوە بە ماڵ

20:24 - 22 رەشەمه 2716
ئاژانسی کوردپا: دەزگای دادوەریی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە سنە، تۆمەتێکی نوێی خستەپاڵ چالاکێکی کرێکاری.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، نێوەڕاستی حەوتووی ڕابردوو پاش بانگهێشتکرانی چالاکێکی کرێکاریی کورد، لقی ٤ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان، تۆمەتێکی نوێی داوەتەپاڵ مەحموود ساڵحی.

دادوەری دادگا، ئەو چالاکە سەقزییەی تۆمەتبار کردووە کە؛ ساڵی ١٣٦٧ لەکاتی ئازادیی مەرجدار لە گرتووخانە، پلاکاردی دروشمی دژبە حیزبە کوردییەکانی بەرز نەکردووەتەوە.

مەحموود ساڵحییش وێڕای پەسندکردن و پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستە، ڕوو بە دادوەری دادگا گوتویەتی: \"ئاغای قازی، دەیەی شەست سەدان کەس بە بێ ئەوەی دادگایی بکرێن لەسێدارە دران و هەندێ لەو زیندانییانە هاوڕێیم بوون. بۆیە ئامادە نەبووم بۆ ئازادیی خۆم پلاکارد هەڵگرم.\"

\"محمود
مەحموود ساڵحی
ڕێبەندانی ٦٧ی هەتاوی بەرپرسانی گرتووخانەی ئەوکاتی سەقز بە ناو هێنانی ٥٢ زیندانی، لەوانە مەحموود ساڵحی، کە سزاکەیان کۆتایی هاتبوو، داوای هەڵگرتن و گوتنی دروشمی مەرگ بۆ دێموکرات و کۆمەڵە\" و \"مەرگ بۆ ئامریکا و ئیسرائیل\"یان لێ کردبوون.

ئەو شێوە تۆمەت لێدانە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە دەزگای دادوەریی ئێران کەم وێنەیە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە هەموو کاتێ بە نەبوونی سەربەخۆیی و دەخاڵەتی هێز و کەسانی ئەمنیەتی تۆمەتبار بووە.

عوسمان ئیسماعیلی و مەحموود ساڵحی پێشتر بە تۆمەتی بەشداری لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکاران و دامەزراندنی کۆمیتەیەکی کرێکاری، دەستبەسەر و ماوەی ١ ساڵ و ٩ ساڵ سزای زیندانیان بەسەردا سەپێندرا و دۆسیەکەیان بۆ بڕیاری کۆتایی بردرایە دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای کوردستان.