هەڵوێستی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر دۆخی کارەساتباری گۆلی ورمێ‌

13:19 - 25 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەئێران، دۆخی گۆلی ورمێی بە کارەساتبار بۆسەر ژینگەی ناوچەکە لەقەڵەم دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، گری لوئیس لەسەردانێکیدا بۆ گۆلی ورمێ‌رایگەیاندووە، پێویستە هەر چی خێراتر حکوومەتی ئیسلامیی ئێران و ناوەندە پێوەندیدارەکان فریای ئەم گۆلە بکەون.

ئەو نوێنەرەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەردانی زەریاچەی هاموون لە سیستان و بەلووچێستان و سیستمی گەیاندنی ئاوی شاری مەشهەدیشی کردووە و لەو پێوەندییەدا وێڕای رەخنەگرتن لە ئیدارەی ژینگەپارێزی، باسی لە خراپی ئەو شوێنانەش کردووە.

لوئیس وتوویەتی: \"لە سەردانەکانمدا دۆخی گۆلی ورمێ‌زۆر کارەساتبار لەشوێنەکانی دیکە بووە و ئەگەر ناوەندە پێوەندیدارەکان فریای نەکەون ئەگەری ئەوە هەیە کارەساتی مرۆیشی لێبکەوێتەوە\".

لەو بارەیەوە بە بەردەوامی کارناسانیش سەبارەت بە هەڵکردنی تۆفانی خوێ لە گۆلی ورمێ‌ هوشدارییان داوە و لەو باوەڕەدان، وشکبوونی ئەو گۆلە گۆڕانکاریی خراپی ژینگەیی لەکوردستان و بەتایبەت لە ناوچەکەدا دروست دەکات.

گۆلی ورمێ بە رووبەری زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هێکتار، یەکێک لە گرینگترین و پڕبایەخ‌ترین ژینگە ئاوییەکانی جیهان دێتە ئەژمار، کە هەنووکە بەشێکی بەرچاوی بووەتە خوێ‌جاڕ و شۆرەکات.

چەندین جۆری گیانلەبەری وەکوو \"گواندار، باڵندە، خشۆکە، دووژیانە و ماسی\" لەگۆلی ورمێدا دەژین کە مەترسیی لە ناوچوونیان لەسەرە و بەوتەی چالاکانی ژینگەپارێز بەشێکیشیان لەناو چوون.

بڕیار بوو لەماوەی پێنج ساڵدا لەشوێنەکانی دیکەوە ئاو بۆ گۆلی ورمێ‌بگوازرێتەوە و ئەو گۆلە لە مردن رزگار بکرێت.

جێگری عومرانیی پارێزگاری ئازەربایجانی رۆژئاوا وتبووی: بڕیارە لەماوەی پێنج ساڵدا لەرێگای توونێلێکەوە ‌ئاوی رووباری \"گلاس\" لەرێگای بەنداوی مەهابادەوە بگوازرێتەوە بۆ ناو گۆلی ورمێ.

دەرهێنانی لەرادەبەدەر ئاو لەسەرچاوە ژێرزەوییەکان، وەرزێڕیی نازانستی، لێدانی بەنداو و دروست کردنی پرد لەسەر گۆلی ورمێ‌، لە هۆکارە سەرەکییەکانی وشکبوونی ئەو گۆلەن.