هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی لە مەریواندا بەڕێوەچوو

20:26 - 7 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: ژینگەپارێزانی شاری مەریوان بۆ بەرگری لە ئاگرکەوتنەوە، دارستانێکی پشت مەریوانیان لە گژ و گیا خاوێن کردەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ۷ی جۆزەردان، لەسەر بانگهێشتی ئەنجومەنی سەوزی چیا و بە بەشداری کۆمەڵێک لە ژینگەپارێزانی مەریوان، بەشێک لە دارستانی \"چیا\"، هەڵکەوتوو لە پشت گەڕەکی چوارباخ، بە مەبەستی بەرگری لە ئاگرکەوتنەوە و ئاگرتێبەردان، لە گژ و گیا خاوێن کرایەوە.

دارستانی چیا لە ساڵانی پێشوودا و لە چەند قۆناغدا دانراوە کە سەرەڕای ئەوەی کە هەر ساڵە بەشێکی زۆری ڕووبەڕووی پەلاماری ئاگری ناحەزانە بووەتەوە، هەردەم پارێزراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا دیمەنی ئەو بەشە لە سروشتی شار دەڕازێنێتەوە.

هەروەها چیای سەوزی مەریوان لەم پەیوەندییەدا رایگەیاندووە: \"بۆ ئاگاداری ژینگەپارێزان، ئەمە هەڵمەتی یەکەمی خاوێنکردنەوەی دارستانی چیا بووە و ئەم هەڵمەتە لە ڕۆژانی داهاتوویشدا بەردەوامە.\"

بە هاتنە پێشی وەرزی گەرما، ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان سەر هەڵ دەداتەوە و ناحەزانی ژینگە و کوردستانیش کردەوە پیسەکانی خۆیان بۆ لەنێوبردنی سروشتی کوردستان دەست پێدەکەنەوە.

تا ئێستا زۆرتر لە هەزاران هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان بووەتە نێچیری ئاگر و ڕێژیمی ئێران و سپای پاسداران بە تاوانباری سەرەکی دەناسرێن.