هەڵمەتی چاندنی بەڕوو لە چەندین شاری کوردستان بەڕێوە چوو

12:48 - 10 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: سێ گرووپی شاخەوانیی شارەکانی سەقز و بانە و ورمێ، لە هەڵمەتێکدا دەستیان بە چاندنی بەڕوو لە بناری شاخەکانی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی، ٨ی سەرماوەز، ژمارەیەک لە شاخەوانانی گرووپی شاخەوانی لە شارەکانی سەقز و بانە و ورمێ، چالاکی ژینگەییان بەڕێوە برد و بە چاندنی بەڕوو هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی زیاتری نیشتمانیان دا.

گرووپی شاخەوانیی هەتاوی سەقز، لە کێوی "کونەورچ" دەستیان بە چاندنی بەڕوو لە بناری ئەو کێوە کرد.

هەروەها گرووپەکانی شاخەوانیی "هەڵۆ" لە سەقز و "سوورکێو"ی بانە، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان، لە هەڵمەتێکی بەرفراواندا، لە چەندین شوێنی ئەو دوو شارە، دەستیان بە چاندنی بەڕوو و خاوێنکردنەوەی بناری شاخەکان کرد کە بریتی بوون لە ئاوایی بنەخوێی بانە بەرەو لووتکەی چیای کلیلەچۆت و بناری سوورکێوی بانە.

لە لایەکی دیکەشەوە ژینگەپارێزانی باشگای شاخەوانیی بینارزێوە لە بەرزاییەکانی مەرگەوەڕی ورمێ، هەڵمەتی هاوشێوەیان ئەنجام دا.

ئەو هەڵمەتە لە ڕاستای فەرهەنگسازی  بۆ ئاوەدانکردنەوەی کوردستان بەڕێوە چووە.