هەڵسەنگاندنی ئەدەبیاتی کوردی لە زانکۆیەکی بریتانیا

15:04 - 6 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: به‌ بەشداریی فەرهه‌نگنووسێکی مه‌هابادی، زانکۆیه‌کی بریتانیا ئاوڕی له بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دایه‌وە.

ڕۆژی دووشەممە ‌‌٢٥ی خەرمانانی ٩٧ی لە زانستگای ئێگزێتێری وڵاتی بریتانیا کارگرووپێک بە پشتیوانی ماڵیی زانستگا و ناوەندی کەلەپووری ئێران، لەژێر ناوی \"بەرهەمە کوردییە فەرهەنگییەکان لە ئێران، ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو\" کۆڕێک بەڕێوە چوو.

ناوەندی کەلەپووری ئێران کە بنکەکەی لە بریتانیایە، سەرپەرەستی و پشتیوانی ماڵیی ئەو لێکۆڵینەوە و کارگرووپانە دەکات، کە پێوەندیی دوور و نزیکیان بە ئێرانەوە هەیە. بەشداربووانی ئەم کارگرووپە و بەگشتی خوێندکار و لێکۆڵەری بواری مێژوو، بابەت و خوێندنەوە فەرهەنگییەکان، کوردناسی و ئێرانناسی بوون.

لێکۆڵەرەکان لە وڵاتانی بریتانیا، لەهستان( پۆڵۆنیا)، ئوستڕاڵیا، تورکیە و ئێرانەوە بەشدار بوون. تەوەرەکان لە چەند پەنێلی جیاوازدا کەوتنە بەرباس. پەنێلێکیان بۆ زمان کوردی تەرخان کرابوو و لە پەنێلی \"زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە ئێران\" چوار کەس بەشدار‌ بوون. هەر لەو پەنێلەدا قسە لەسەر \"دۆخی زمانی کوردی لە ئێران\" کرا و دەرفەت و ئاستەنگەکانیان خستە بەرباس.

دوابەدوای ئەوەش ئاوڕیان لە تەنزی کۆمەڵایەتی و هەجو لە ئەدەبیاتی کوردی دایەوە. لە بەشێکی دیکەی پەنێلەکەدا \"ئەدەبیاتی کوردیی تاراوگە\" واتا ئەو کوردانەی بە ئینگلیزی دەنووسن، خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

تەوەرێکی دیکەی ئەم پەنێلە \"نەریتی حوجرە و خانەقا لە ئەدەبیاتـ\"ـ‌دا بوو.

\"سینەمای کوردی لە ئێرانـ\"ـیش پەنێلێکی دیکەی کارگرووپەکە بوو و پەنێلی کوتاییش لەژێر ناوی \" زیندووبوونەوەی فەرهەنگی کوردی لە ئێراندا\" بوو، کە توێژەر و فەرهەنگنووس سەلاح پایانیانی بە سکایپ بەشدار بوو و بە تێروتەسەلی باسی شێوازی کار (مێتۆدی لێکۆڵینەوە)، ئاستەنگ و لایەنە جۆراوجۆرەکانی کاری \"فەرهەنگی زارەکیی موکریانـ\"ـی کرد و سەرنجی ئامادەبووانی ڕاکێشا و پاشان بە وردی وڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.

پەنێلێکی دیکەی ئەم کارگرووپە باسی \"مۆسیقای یارسان\" بوو کە ئارەش مورادی وەکوو شارەزای ئەم بەشە بۆ ئامادەبووان دوا.

بەشێکی تری پەنێلەکە باسی \"مەسەل و مەتەڵی ناوچەی تیلەکۆی سەقز\" بوو. بڕگەی کۆتاییی کاری کارگرووپەکە بۆ موسیقیی یارسان تەرخان کرابوو.