هەڵسوکەوتی توندی دادگە لە بۆکان خۆکوژی پیاوێکی بە ساڵاچووی لێکەوتەوە

16:38 - 17 خەرمانان 2715
ئاژانسی کوردپا: پیاوێکی بە ساڵاچوو لە ئەنجامی بڕیارێکی سەرۆکی تازەی دادگەی شاری بۆکان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٦ی خەرمانان پیاوێکی بە تەمەن بە ناوی ئەبووبەکر عەبدی دانیشتووی گەڕەکی شوهەدا خۆی هەڵواسیوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتراستکردنەوەی ئەو هەواڵە باسی لەوەش کرد، ئەبووبەکر عەبدی بە هۆی کێشەی خێزانی لەگەڵ ژنەکەی جیا بووەتەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لەلایەن دادگەوە بڕیاری شەش مانگ زیندانی کردنی بۆ بڕاوەتەوە و لە ناو دادگەش بێ رێزی پێکراوە.

دەوترێت لەم دوایانەدا سەرۆکی دادگەی بۆکان گۆڕدراوە و کەسێک بە ناوی \" نەوزەری\" کە ئازەرییە کراوە بە سەرۆکی دادگە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ خەڵکی زۆر توندە و هەتا ئێستا چەندین جار بێڕیزی بە خەڵک کردووە.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەبووبەکر عەبدی کە باوکی دوو منداڵیش بوو بە هۆی دەستکورتی توانانی دابین کردنی نەفەقە و مارەیی ژنەکەی نەبوو و لەلایەن دادگەوە بڕیای شەش مانگ گرتنی بۆ بڕابوویەوە.
ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ئەو بڕیارە بە گوریس خۆی لە میچی ماڵەکەی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی هاتووە.