هەڵسووکەوتی توندوتیژانەی هێزە نیزامییەکان لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەیەک لە روانسەر

20:46 - 3 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزەکانی گاردی تایبەت لە شاری روانسەر، هاووڵاتییەکی کوردیان دەستبەسەر کرد و ئەندامانی بنەماڵەکەشی بەدەستی ئەو هێزانە درانە بەر لێدان و بریندار بوون.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری روانسەر بە ناوی موختار موزەفەری لەلایەن هێزەکانی گاردی تایبەتەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوینێکی نادیار کرا.

ناوبراو سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١ی رێبەندان لەلایەن هێزە نیزامییەکانی شاری روانسەر و بە هاوکاری هێزەکانی گاردی تایبەتی کرماشان، دەستبەسەر کرا.

هەواڵنێری کوردپا لە روانسەر رایگەیاند: هێزەکانی گاردی تایبەت رۆژی سێشەممە ئەو هاووڵاتییە کوردەیان لە شەقامی کامیارانی ئەو شارە دەستبەسەر کردووە.

هەروەها بەپێی ئەو راپۆرتە، هێزە نیزامییەکانی لە کاتی دەستبەسەر کردنی موختار موزەفەریدا بنەماڵەی ناوبراویشیان داوەتە بەر لێدان و لە ئاکامدا هاوسەری موختار موزەفەری بە هۆی نالەباریی دۆخی جەستەییەوە رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە کراە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند، نزیک ٥ ساڵ بەر لە ئێستا هێزە نیزامییەکانی روانسەر بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی سووتەمەنیی \"قاچاخ\" چووبوونە ماڵی موختار موزەفەری، کە بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاوی ئەو هیزانەوە گاڵۆنە بەنزینەکان ئاگریان گرتووە و لە ئاکامدا خانووەکەش سووتا.

یەکێک لە نزیکانی ئەو بەماڵەیە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ لە کاتی ئاگرگرتنی ئەو گاڵۆنانەی کە بەنزینیان تێدا بووە، دایەگەورەی موختار دەستبەجێ لە ناو ئاگرەکەدا سووتاوە و گیانی لە دەست داوە و دایکی ناوبراویش پاش ماوەیەک بەهۆی بەرزبوونی رێژەی سووتانەکەیەوە لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لەدەست دا.

دەگوترێت، کە لە کاتی ئەو رووداوەدا دوو کەسیش لە هێزە نیزامییەکانیش سووتابوون.

هەواڵنێری کوردپا هەروەها رایگەیاند، موختار نزیک بە ١ ساڵ دەستبەسەر کراوە و سەرەڕای زیانی ماڵی و گیانی ئەو بنەماڵەیە، هەنووکە ١٢٠ میلیۆن جەریمەیان بۆ بڕاوەتەوە.

هەتا کاتی بڵاو بوونەوەی ئەم راپۆرتە هیچ هەواڵێک لەمەڕ چارەنووسی موختار موزەفەری دۆخی نالەباری ژن و منداڵەکەی لە بەر دەستدا نییە.