هەڵسووکەتی نەشیاوی دادوەرێک لەگەڵ زیندانییەکی سیاسی کورد

15:23 - 4 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لەلایەن یەکێک لە دادوەرەکانی دۆسیەی ناوبراو، بێڕێزی پێکرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زیندانییەکی سیاسی کورد بە ناوی \"محەممەد ئەمین ئاگووشی\" لە لایەن دادوەری دۆسیەکەیەوە بە ناوی\"عەلیڕەزا\" هەڵسووکوتی نەشیاو و بێڕێزی پێکرا.

\"\"
محەممەدئەمین ئاگووشی
ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە کە لە ساڵی ٨٨ی هەتاوییەوە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەر کرابوو، بۆ بەدواداچوونی بەڕێوەچوونی دۆسیەکەی سەردانی ئەو دادوەرە دەکات کە لەگەڵ بێڕێزی ناوبراو بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ماڵپەڕی چالاکانی مافی مرۆڤ و دێموکراسی لە ئێران لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە، کاتێک ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە لەگەڵ هەڵسووکەوتی نەشیاوی ئەو دادوەرە بەرەوڕوو دەبێتەوە، ناڕەزایەتی لە هەمبەر ئەو کردەوەیە دەردەبڕێت و عەلیڕەزاش بڕیاری دەرکردنی محەممەدئەمین ئاگووشی دەدات.

محەممەد ئەمین ئاگووشی هاوڕێ لەگەڵ ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولادخانی خەڵکی پیرانشار بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەتۆمەتی هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ساڵی ١٣٨٦ دەسبەسەر کرا.