هەڵبژێردراوانی دووەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمای "لاوی زێڕین" دیاری كران

19:01 - 29 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: هەڵبژێردراوانی بەشی پێشبڕكێی دووەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمای \"لاوی زێڕین\" بۆ كورتە فیلم لە هەولێر دیاری كران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رێوڕەسمی كۆتایی دووەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمای \"لاوی زێڕین\" بۆ كورتە فیلم لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی هونەرمەندانی بەشداربوو لە فێستیڤاڵ، نوێنەری دەزگاكانی راگەیاندن و هۆگرانی هونەری سینەما كاتژمێر ٣٠/٤ رۆژی دووشەممە رێكەوتی ٢٧ی سەرماوەز لە هۆڵی پێشەوا لە هەولێر بەڕێوە چوو.

\"10296.jpg\"
ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی دووەمین خولی فێستیڤاڵی سینەمای \"لاوی زێڕین\" بۆ كورتە فیلم كە بریتی بوون لە: \"دكتۆر فازڵ جاف، محەمەد جانۆ و رەزا عەلیپوور\" دەنگەكانی خۆیان لە چەندین بەشی پێشبڕكێی ئەم فێستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیاند:

ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ئامادەكاری فێستیڤاڵ:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كارزان قادر بۆ دەرهێنانی كورتە فیلمی \"بێكەس\" بەخشرا.

ـ باشترین فیلمی دیكۆمێنتاری:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كورتە فیلمی \"دەست و ئاخ\" لە دەرهێنانی فەتحی ئیڤاری بەخشرا.

ـ باشترین دەرهێنەر:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە حوسێن حەسەن بۆ دەرهێنانی كورتە فیلمی \"پاوەر\" بەخشرا.

\"10295.jpg\"
ـ باشترین سیناریۆ:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كامەران بێتاسی بۆ نووسینی سیناریۆی كورتە فیلمی \"سلوید\" بەخشرا.

ـ باشترین وێنەگر:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كارۆخ تەها وێنەگری كورتە فیلمی \"نەورەس\" بەخشرا.

ـ باشترین مونتاژ:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە رەجەب ئەحمەد بۆ مونتاژی كورتە فیلمی \"پاوەر\" بەخشرا.

ـ باشترین ئەكتەری پیاو:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە سەلاح شێخ محەمەدی ئەكتەری كورتە فیلمی \"رۆژی چوارەم\" بەخشرا.

ـ باشترین ئەكتەری كچ:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە هاوبەشی بە شەهێن جەماڵ بۆ رۆڵ بینین لە كورتە فیلمی \"نەورەس\" و دڵنیا تەها بۆ رۆڵ بینین لە كورتە فیلمی \"چریسك\" بەخشرا.

\"10297.jpg\"
ـ باشترین ئەكتەری منداڵ:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە دڵجا بەهجەت بۆ رۆڵ بینین لە كورتە فیلمی \"پاسكیل\" بەخشرا.

ـ باشترین فیلم:
خەڵاتی ئەم بەشەی فێستیڤاڵ بە كورتە فیلمی \"پاوەر\" لە دەرهێنانی حوسێن حەسەن بەخشرا.

دووەمین فێستیڤاڵی سینەمای \"لاوی زێڕین\" بۆ كورتە فیلم بە نمایشی ٢٢ كورتە فیلمی چیرۆكی و دیكۆمێنتاری، لەوانە: ٢٠ كورتە فیلم لە بەشی پێشبڕكێ و هەروەها دوو كورتە فیلمیش لە بەشی دەرەوەی پێشبڕكێی لە رۆژانی ١٥ هەتا ٢٧ی سەرماوەز لە هۆڵی پێشەوا لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.