هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ئێران و هەڵوێستی کورد (١)

15:47 - 22 بانەمەڕ 2717

 

ئاژانسی کوردپا: کۆتایی ئەم حەوتوویە، پرۆسەی ١٢هەمین خولی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و هەڵبژاردنی پێنجەمین خولی شۆرای شار و دێ لە حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بەڕێوەدەچێت.
هەتا ئێستا شەش حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی ڕۆژهەڵات سیاسەتی بایکۆتیان لە پێش گرتووە و بە شێوەی ڕاستەوخۆ داوایان لە خەڵکی کوردستانی ڕۆژهەڵات کردووە کە سیاسەتی بایکۆت لە پێش بگرن.

ئاژانسی کوردپا لە گەڵ کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی چەند وتوێژێکی ئەنجام داوە کە ڕوانگە و بۆچوونی ئەو کەسانە لە سەر هەڵبژاردنەکان لە ئێران بڵاو دەکەیەنەوە.

یەکەمین وتووێژ لەگەڵ عێرفان ڕەهنموون شرۆڤەکاری سیاسی و دانیشتووی وڵاتی نۆروێژە.

١_بایکۆتی شەش حیزب و لایەنی سیاسی کوردستانی ئێران، چ باندۆرێکی یەکلایی کەرەوەی لە سەر بەشداری یان بەشداری نەکردنی کوردەکان لە هەڵبژردنەکاندا دەبێ، واتە ئەو شتەی کە بە\"تحریم فعال\" ناسراوە؟

\"\"

 

عێرفان ڕەهنموون شرۆڤەکاری سیاسی

و: ئەوەی کە شەش پارتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تێکڕا و پێکەوە، شانۆی گاڵتەجاڕ و بێ‌ناوەرۆکی بە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شۆراکانی ڕژیمی فاشیستیی مەزهەبیی ئیرانیان بایکۆت کردووە، بە هەنگاوێکی پێویستی دەزانم کە لەلایەکەوە، نیشاندەری هاوهەڵوێستیی کۆی بزاڤی کوردە لەو پێوەندییەدا و لە لایەکی دیکەوە، کۆتاییهاتنی \"تەوەهوومی \" هەندێ لە پارتەکانی کوردستانە کە لە ڕابردوودا پێیان وابوو دەکرێ لە ڕێگای ڕیفۆرم و پشتیوانی کردن لە باڵێکی ڕژیم کە بە \" میانەڕەو\" ناسراوە، بزاڤی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران سەرکەوتن بەدەست بهێنێ، لەپێوەندی لەگەڵ باندۆری تەحریمی پارتە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، دەتوانم بێژم کە کاریگەریی خۆی دەبێت، بەڵام ڕادەی ئەو کاریگەرییە جارێ ڕوون نیە تا ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەردەکەوێ. نابێ ئەوەشمان لە بیر بچێ کە تەنانەت ئەگەر زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش بەتێکڕا بەشدار نەبن، ڕژیم دەتوانێ دەستکاریی ئامارەکانی ڕادەی بەشداربووان بکات.

من خۆم هیچ متمانەیەکم بە هیچ ئامارێکی ڕژیمی فاشیستیی ئێران نیە، چوونکە هیچ چاوەدێرێکی بێلایەن، چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا ناکات و لەو ڕووەوە، دەستی ڕژیم بۆ هەرچەشنە \" گزی و فزییەک \" ئاواڵەیە. تەنانەت ئەگەر سەدلەسەدی خەڵکی ئێران و کوردستان، دەنگ بە ڕژیم بدەن، هیچ لەو هەقیقەتە ناگۆڕێ کە ئەو ڕژیمە سەرەڕۆ و دژە مرۆڤە و هیچ ڕەوایەتییەکی نیە، چوونکە \"ڕەوایەتی\" پێش ئەوەی لە دەنگی خەڵکەوە سەرچاوە بگرێ، پرنسیپێکی ئەخلاقییە و بەڕای من هیچ شتێک ناتوانێ \" ڕەوا \" بێ، ئەگەر \" ئەخلاقی\" نەبێ و لەتەک مافەکانی مرۆڤ و مافە سروشتییەکاندا، تەبا و یەکانگیر نەبێ.

٢_ئایا بایکۆت دەتوانێ چەشنێک \"سیاست کردن\" لە بیاڤی ئێستای ئێران هەژمار بکرێ؟

و: بایکۆتی هەڵبژاردنی نادیموکراتیک، خۆی لە خۆیدا، نیشانەی ئازادیخوازی و وشیاری و ئاگاییە. ئەگەر نەتەوەیەک ئاگا بە مافەکانی بێت، هیچ دیکتاتۆرێک ناتوانێ بۆ ماوەیەکی درێژ، بەسەر ئەو نەتەوەیەدا فەرمانڕەوایەتی بکات.

بە دەربڕینێکی دیکە، سەرەڕۆیی و دیکتاتۆری، ڕاستەوخۆ بەرهەمی \"ناوشیاری \" و نەناسینی مافەکانی مرۆڤ و مافە بنەڕەتی و سروشتییەکانیەتی.

سیستمی کۆیلەداری، بەرهەمی ڕاستەوخۆی \"ئەخلاقی کۆیلایەتی\"یە. تا مرۆڤی کۆیلە بوونی نەبێ، کۆیلەداریش بوونی نابێ. کە واتە بایکۆتی شانۆی گاڵتەجاڕ و بێزراوی کۆماری سێدارە، خۆی چەشنێ سیاسەت کردن و نیشانەی ئاوەز و ڕێزدانانە بۆ مرۆڤ و مافەکانی.

٣_ چ ئامانج و ڕاڤەیەک لە پشت بەربژێری دوو باڵی هەر یەک لە باڵە حکوومەتییەکان \"اصولگرا و اصلاح طلب\" هەیە، واتە ڕەئیسی، قالیباف، ڕۆحانی و جەهانگیری؟

و: هەروەک دەزانن ڕژیمی کۆماری سێدارە لە دوو باڵی سەرەکیی چەپ (ئێستا میانەڕەو) و باڵی کۆنەپارێز پێک هاتووە و مێژووی ئەو باڵانە، بە ئەندازەی مێژووی ڕژیمی مەزهەبیی ئێرانە. بۆیە ئەو چوار کەسە، نوێنەرایەتیی دوو باڵی سەرەکیی ڕژیمی ئۆلیگاریشیی ئاخوندی دەکەن. بەڵام ئەوەی کە لە هەر باڵێک دوو کاندیداتۆر هاتوون، بەلای چاوەدێرانی سیاسییەوە تاکتیکە و لە ڕاستی‌دا، \"ڕەئیسی و ڕۆحانی\" کاندیدای سەرەکین و ئەو دووانەی دیکە، تەنیا بۆ پشتیوانیی دووانەکەی تر هاتوون. ڕەنگە چەند ڕۆژی دیکە، دوو کاندیدە لاوەکییەکە، لەبەرژەوەندیی کاندیداتۆری سەرەکی پاشەکشە بکەن. ئەگەریش نەیکەن، پێشبینی دەکرێ ڕۆحانی و ڕەئیسی بڕۆنە دەوری دووهەم، یان ڕۆحانی هەر لەدەوری یەکەمدا، دەنگی پێویست بهێنێتەوە. هەموو ئەمانەش پەیوەندیی بەوەوە هەیە، ئایا خامنەیی دەستووری گزی و فزی لە بەرژەوەندیی \"ئیبراهیم ڕەئیسی \" دەدات یان نا.