هەڵاواردن لە بازاڕچەی سنووری، ناڕەزایەتی پیلەوەرانی شاری رەبەتی لێکەوتەوە

13:25 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کۆمەلێک لە هاووڵاتییانی شاری رەبەت لە یەکێک لە گۆرەپانەکانی ئەو شارەدا ببۆ نارەزایەتی دەربڕین بە هەڵاواردنیان لەلایەن تەعاونییە سنوورییەکانەوە، کۆبوونەوەیەکی پێکهینا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پیلەوەرانی کوردی خەڵكی شارۆچکەی رەبەت بەهۆی هەڵاواردنکاریی بازرگانانی خاڵی سنووریی قاسمە رەش، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست.

لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەدا، کە نیوەرۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٧ی بەفرانبار لە فەلەکەی سەر رێگەی مەهاباد سەردەشت بەڕێوەچوو، دەیان پیلەوەر و کۆڵبەر بەشدار بوون.

یەکێک لە ناڕازییان لە پەویەندییەکی تەلەفۆنیدا بۆ هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ بەداخەوە لەماوەی چەند مانگی رابردوودا بەرپرسانی پیلەوەری و بازرگانەکان بە ئاشکرا هەڵاواردن لە نێو خەلکی خۆجێیی و پیلەوەراندا دەکەن.

\"24089.jpg\"
پیلەوەری لە بازاڕچە سنوورییەکان، یەکێک لە سەرەکی‌ترین سەرچاوەی داهاتی خەڵکی ناوچە سنوورییەکانە
ئەو پیلەوەرە کوردەی خەڵکی شارۆچەکەی رەبەت بەم شێوەیە باسی لە هەڵاواردن کرد، کە کڕین و فرۆشتنی کەلوپەل و ئاڵوێری بازرگانی بەبێ ئامادەبوون و هاوکاریی هاوولاتییانی کورد ئەنجام ئەدرێ و تەنانەت بارەکان بە کۆڵبەرانی ناخۆجێیی دەسپێرن.

بەپێی راپۆرتەکان، بازاڕچەی رەبەت بە شێوەی نێونجی بۆ ٥ هەزار کەس و کاری بەردەوامی هەیە، بەڵام هەڵواردنکاری بازرگانان بێکاریی بەشێکی زۆری پیکەوەر و کۆڵبەرانی ناوچەی رەبەتی لێکەوتۆتەوە.

ئەو پیلەوەرە کوردە گوتیشی؛ ئێمە وەکوو دانیشتوانی ئەم ناوچەیە، لەمەڕ ئەم دۆخە بە تەواوەتی ناڕازین و گلەیی و ناڕەزایەتیی زۆرمان لەم دۆخە هەیە و داوا لە بەرپرسانی پەیوەندیداری شارەکە دەکەین پێڕاگەیشتن بە خواستی کۆڵبەران و پیلەوەراندا بکات.

دەستێوەردان و زیادەڕۆیی بازرگانانی ناخۆجێی لە کاروباری بازاڕچەی سنووریی رەبەت، لە کاتێکدایە کە بەشێک لەو کەلوپەلانەی لە سنوورەکانەوە ئاودیو دەکرێن، پێداویستیی سەرەکیی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان لەخۆ دەگرێت.

بازاڕچەی قاسمە رەش، لە ناوەڕاست مانگی ساڵی ٩٢ی هەتاویدا کرایەوەو بەپێی ئاماری فەرمانداریی شاری سەردەشت، لە هەر رۆژێکدا زیاتر لە ٤٠٠٠ باری کەلوپەل لەو بازاڕچەیەوە هاوردە و هەناردە دەکرێت.