هەژاری و دەسکورتی، بوو بە هۆی خۆوسوتاندن و خۆکوژی دوو هاووڵاتی کورد

13:45 - 19 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی ڕەوتی خۆکوژی و خۆسووتاندنەکان لە کوردستان، دوو هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی کرماشان و سەقز کۆتاییان بە ژیانی هێنا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەشەممە، ژنە هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری کرماشان بە ناوی \"فریشتە کەهراریان\" تەمەن ٣٠ ساڵ، بە هۆی هەژاری و دەسکورتی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداو و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئەو ژنە لاوە، لە کاتی خۆسووتاندا، دوو گیان بووە و پاش ئاگر بەردانە جەستەی خۆی، پزیشکانی شاری کرماشان، بە زیندووی کۆرپەلە شەش مانگەکەی لە ناو سکیا دەرهێناوە.

لەو ڕووداوەدا، مێرد و منداڵێکی دیکەی فریشتە تووشی سووتاوی بوون.

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی ڕابردوو، هاووڵاتییەکی دیکە کورد، خەڵکی شاری سەقز، بە هۆی هەژاری و دەسکورتی لە ڕێگای خۆهەواسینەوە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە ناوی \"سەلاح حەیدەری\" تەمەن ٣٥ ساڵ دانیشتووی گەڕەکی \"حماڵ ئاوای خواروو\"ی شاری سەقز ڕاگەیاند.

کۆمەڵناسان و شارەزایانی بواری دەروونی، لەو باوەڕەدان، کە هەژاری، دەستکورتی، بێهیوای لە نێو لاوان، هۆکارە سەرەکییەکانی خۆکوژی لە نێو بنەماڵەکا، لاوان و مێرمنداڵان بە ئەژمار دێن.