هەژاری و دەستکورتی بوو بە هۆی خۆکوژی هاووڵاتییەکی ڕوانسەری

15:28 - 22 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر سەر بە پارێزگای کرماشان بە هۆی دەستکورتی و هەژاری هەوڵی خۆکوژی دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی شاری ڕوانسەر بە هۆی نەبوونی پارەی کرێ خانوو بە خاوەن ماڵکەی دەستی دایە خۆکوژی.

\"\"هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو هاووڵاتییە کوردەی بە\"فەریدوون ڕەحمانی\" کوڕی مستەفا تەمەن ٢٣ ساڵ راگەیەندراوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، فەریدوون خێزاندار و باوکی منداڵێکی کەم تەمەنە.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، کاتژمێر ١٢ شەو، خاوەن ماڵی ئەو هاووڵاتییە کوردە داوای پارەی کرێ خانووەکەی لێ دەکات و ئەو هاووڵاتییە بە هۆی دەستکورتی و نەبوونی پارە دەستی داوەتە خۆکوژی.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە، فەریدوون ماوەی چوار ڕۆژە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری کرماشان خەوێندراوە و لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دایە و لە پشتوێن بەرەو خوار ئیفلیج بووە.

کارناسانی کار و باری کۆمەڵایەتی کێشەی بێکاری و هەژاری وەک سەرەکی‌ترین هۆکاری خۆکوژیی هاووڵاتییان لە قەلەم ئەدەن،کە بەهۆی گەمارۆ ئابوورییەکان و چوونەسەرێی ئاماری بیكاری لەئێران، ئاماری خۆکوژیی هاووڵاتییان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوو لە زیادبوون دەکات.