هەڕەشەی ئەماکنی حکوومەتی ئێران لە بازاڕیانی کوردستان

17:50 - 13 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی ئەماکنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بانە بە زۆر دووکان و بازاڕەکان بە خەڵکی کوردستان دادەخەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕوژی شەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی مەئموورانی ئەماکنی کۆماری ئیسلامی لە شاری بانە بە سەردان بۆ دووکان و بازاڕەکان، هەوڵیان داوە کە بۆ خۆپیشاندانی ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، دووکان و بازاڕەکان بە خەڵکی ئەو شارە دابخەن.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە لەمبارەوە ڕایگەیاند: کە ئەم خۆپیشاندانە بڕیارە لە شاری بانە لە فەلەکەی مروەتییەوە هەتا ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کە ڕاستە شەقامێکی ٥٠٠ تا ٧٠٠ میترییە، بەڕێوە بچێت.

ناوبراو هەروەها وتوویەتی: ڕۆژی ڕابردوو مەئموورانی ئەم ئیدارەیە داوایان لە دووکاندارانی ئەم شەقامە کردووە کە بۆ ڕۆژی یەکشەممە، کاتژمێر ٩ هەتا ١١، بازاڕ و دووکانەکانییان دابخەن.

بەوتەی ناوبراو، ئەم شێوە کردەوە ئیجبارییانەی حکوومەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ ساڵێک ئەم دووکاندارانە لەم ڕۆژەدا دووکانەکانیان دانەخستووە؛ بەرپرسانی حکوومەتی ئێران بە مەبەستی فێڵ کردن لە میدیاکان ئەیانەوێ پڕوپاگەندە بۆ خۆپیشاندانەکەی خۆیان بکەن و بڵێن کە خەڵک پشتیوانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن و حکوومەت خاوەن جێگە و پێگە و ڕەوایی خەڵکییە.