هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی سەردەشت

21:43 - 4 پووشپەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سەردەشت نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لەلایەن ‌هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە هەڕەشەی بڵاوکردنەوەی فیلمی دانپێدانەکانی لێکرا.

مەحەممەد ئەفەندی چالاکی فەرهەنگیی خەڵکی شاری سەردەشت لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: هێزە ئیتلاعاتییەکان بە یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئێمەیان راگەیاندووە، \"ئەگەر محەمەد ئەفەندی لێدوان بۆ هەرکام لە میدیاکانی دەرەوی وڵات بدات، فیلمی دانپێدانانەکەی بڵاو دەکەینەوە\".

محەممەد ئەفەندی کە بەهۆی چالاکیی فەرهەنگییەوە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و لەکاتی دەستبەسەربوونیدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە بەزەبری هەڕەشە و هەروەها هاککردنی \"ئیمەیلەکەی لەلایەن ئەو هێزانەوە ناچار بە دانپیدانان کرابوو و هاوکاتیش فیلمیان لە دادنپێدانانەکەی هەڵگرتبوو.

ئەو چالاکە کوردە ماوەیەک پیش ئێستا بەهۆی چالاکیی فەرهەنگی و ژینگە پارێزییەوە دەستبەسەر و پاش ئازاد کران لە زیندان بەرئەنجامی زەخت و گوشاری هیزە ئیتلاعاتییەکان بەناچاری زێدی خۆی بەجێهێشت.

محەممەد ئەفەندی ناسراو بە \"رێبوار ئاگرین\" لە شاری سەردەشت لە دایک بووە و یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری سەردەشت و رێکخراوی ناحکوومیی لاوانی \"تیرۆژ\"ی و هاوکات یەکێک لە چالاکانی ژینگە پارێزیی ئەو شارەش بووە.