هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە چالاکانی مەزهەبیی کوردستان

14:48 - 15 جۆزەردان 2713
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا هەرەشەی زیندانی کردن و دەستبەسەر کردنیان لە ٣ چالاکی مەزهەبیی کورد کرد.

حەسەن ئەمینی، مامۆستای ئایینی و بەرپرسی قوتابخانەی زانستە ئایینیەکانی \"ئیمامی بوخارا\"ی شاری سنە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند: رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٨ی جۆزەردان هێزە ئیتلاعاتییەکان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا پێیان راگەیاندم کە بەشداری کردنی ئەندامانی مەکتەبی قورئان لە رێوڕەسمی ئیجازە وەرگرتنی \"فەقێ\"کانی شاری \"زاهیدان\" نایاساییە.

\"13130.jpg\"
حەسەن ئەمینی، مامۆستای ئایینی و بەرپرسی قوتابخانەی زانستە ئایینیەکانی \"ئیمامی بوخارا\"ی شاری سنە

بەرپرسی قوتابخانەی ئایینیی ئەمامی بوخارا ئاماژەی بەوەشدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان رایانگەیاند کە دەبێ بە ئەندامانی مەکتەب قورئان بڵێی کە لە جەژنی ئیجازە وەرگرتنی \"فەقێ\"کانی شاری زاهیداندا بەشداری نەکەن.

حەسەن ئەمینی باسی لەوەش کرد کەبە هێزە ئیتلاعاتییەکانی رایگەیاندووە، بەپێی هیچ یاسایەک سەفەر کردن لە شاری وڵاتێکەوە بۆ شارێکی دیکەی ئەو وڵاتە قەدەغە نییە، بۆیە من رێگری لە بەشداری کردنی هچکام لە ئەندامانی مەکتەبی قورئاندا ناکەم.

هەروەها رۆژی هەینی رێکەوتی ١٠ی جۆزەردان \"عەبدوڵڵا عەباسی\"، یەکێک لە چالاکانی مەزهەبیی کوردستان هاوڕێ لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بانگهێشت و بۆ ماوەی ٢ کاتژمێر و نیو لێپرسینەوەیان لێکرابوو.

\"13131.jpg\"
عەبدوڵڵا عەباسی، یەکێک لە چالاکانی مەزهەبیی کوردستان
هەر لەو پەیوەندییەدا ماڵپەڕی \"ئیسلام کورد\" بڵاوی کردەوە، هێزە ئیلاعاتییەکان بەو چالاکە مەزهەبییەیان راگەیاندووە لە ئەگەری بەردەوامبوون لە چالاکییە مەزهەبییەکانی خۆی حوکمی ٦ مانگ هەڵپەسێراوەکەی دەبێتە ٥ ساڵ زیندان تەعزیری و دەچێتە قۆناخی جێبەجێ کردنەوە.

هاوکات هێزە ئیتلاعاتییەکان بە \"عەبدوڵڵا عەباسی\"یان راگەیاندووە، کە لە بەشداری کردن لە جەژنی ئیجازە وەرگرتنی \"فەقێ\"کانی شاری زاهیداندا خۆ ببوێرێت.

ئەو چالاکە مەزهەبییە پایزی ساڵی ١٣٩١ لەلایەن لقی ١ی دادگای شاری سنەوە بە ٦ مانگ زیندانی هەڵپەسێراو مەحکووم کرابوو.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بە هاوسەری ئەو چالاکە مەزهەبییەیان راگەیاندووە، کە هاوسەرەکەی تۆ بەهێچ شێوەیەک لە چالاکە مەزهەبییەکان دەست هەڵگر نییە، بۆیە ئەگەری ئەوە دەکرێ حوکمەکەی بۆ ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری گۆڕانی بەسەردا بێت.

لەلایەکی دیکەوە هوشەنگ ئەحمەدی یەکێک لە ئەندامانی شۆرای مەکتەبی قورئان لە کرماشان بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە کرابوو.

ئەو چالاکە مەزهەبییە بۆ ماوەی ٢ کاتژمیر سەبارەت بە چالاکییە مەزهەبییەکانی لە ژێر لێپرسینەوەدا بووە و پێیان راگەیاندووە کە لە رێوڕەسمی ئیجازە وەرگرتنی فەقێ سونییەکانی شاری زاهیداندا بەشداری نەکات.

هەنووکە لە زیندانی رەجایی شاری کەرج ١٧٠ گیراوی پەیڕەوی مەزهەبی سوننی بونی هەیە کە لە کۆی ئەو رێژەیە ٢٠ کەسیان بەتاوانی تەبلغ بۆ مەزهەبی سوونی بە ئێعدام مەحکووم کراون.