هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کورد

20:44 - 5 خاکەلێوه 2713
ئاژانسی کوردپا: بنەماڵەی چالاکێکی سیاسیی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، بەرەوڕووی هەڕەشەی هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بوونەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٥ی خاکەلێوە، هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران بۆ چەندەمین جار هێرشیان کردۆتە سەر بنەماڵەی \"ناسر عەلی‌نژاد\" چالاکی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات و هەڕەشەی دەستبەسەری و زیندانی کردنیان لە بنەماڵەی ناوبراو کردووە.

\"11736.jpg\"
ناسر عەلی‌نژاد چالاکی سیاسیی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات
سەرچاوەیەکی نزیک لەو بنەماڵەیە بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: ؛\'عەباس عەلی‌نژاد\" بەهۆی چالاکیی سیاسیی کوڕەکەی، چەندین جار لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت و هەڕەشەی لێکراوە.

ناسر عەلی نژاد\" پێشتر بە تاوانی ئەندامەتی هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ماوەی ١ ساڵ زیندانی کرابوو کە پاش ئازاد کران بەهۆی بەردەوامیی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت.

هەروەها ماوەیەک پێش ئیستا حوسێن پەیغامی خەڵکی شاری شنۆ بەهۆی چالاکیی کوڕەکەی بەناوی \"ناجی پەیغامی\"، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەرەوڕووی هەڕەشەی دەستبەسەر کردن ببوویەوە.