هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە چالاکێکی مافی ژنان

12:51 - 27 خەرمانان 2722

 ناوەندە ئەمنییەتییەکان بە ژینا مودەڕس‌گورجی، چالاکی مافی ژنان خەڵکی سنەیان ڕاگەیاندووە؛ ئەگەر لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکاندا بەشداری بکات "چاوی بە خۆر ناکەویت".

هێزە ئەمنییەتییەکان سەرەڕای بانگهێشتکردنی ژینا مودەڕس‌گورجی؛ لەلایەن ئیتلاعاتی سپا هەڕەشەی لێ کراوە لە ئەگەری بەشداریکردن لە کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی لە شاری سنە، "چاوی بە خۆر ناکەوێت".

ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی ژینا(مەهسا) ئەمینی لە شاری سەقز و هێرشی هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ سەر خەڵکی ناڕازی لەو ڕێوڕەسمەدا، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە شارەکانی دیکەی کوردستان، لەگەڵ هەڕەشەی دەسبەسەرکران لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە، بەرەڕوو بوونەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردپا، ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە ترسی دەسپێکردنی ناڕەزایەتیی خەڵکی لە شارەکانی دیکەی کوردستان، ژمارەیەک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە شارەکان هەڕەشەیان لێ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو؛ ژینا مودەڕس‌گورجی چالاکی ژنان، یەکێک لەو ژنە چالاکانی سنە بووە کە هێزە ئەمنییەتییەکانەوە سێ جار چوونەتە شوێنێ کارەکەی، بەڵام بەهۆی ئەوەیکە ئەو ژنە چالاکە لە شوێنی کارەکەی ئامادە نەبووە، لە ڕێگای تەلەفوونەوه هەڕەشیان لێ کردووە، کە لە ئەگەری بەشداریکردن لەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتیی شاری سنە،"ڕەنگی خۆر نابینێ".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە دەنگی بەرز، بە بەکاربردنی بردنی وشەگەلێک وەک "بەڵایەکت بە سەر دێنین کە هەر باس ناکرێ" یان جارێکی دیکە ڕەنگی خۆر نابینی"، بە توندی هەڕەشەیان لەو چالاکەی مافی ژنان کردووە و تەنانەت ئیزنی قسەکردنیان پێنەداوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها بە کوردپا ڕایگەیاند؛ مەئموورانی ئەمنییەتیی پاش ئامادەبوون لە کتێبفرۆشیی "ژیرا"، شوێنی کارەکەی ژینا مودەڕس‌گورجی، لە ڕێگای تەلەفوونەوە داوایان لێ کردووە "ستۆری و پۆستەکانی خۆی لە پەیوەندیی لەگەڵ ژینا "مەهسا" ئەمینی، لە ئینیستاگرامی خۆیدا، بسڕیتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا، ئەوەشی خستە ڕوو؛ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای سنە، داوایان لە ژینا مودەڕس‌گورجی کردووە کە ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٧ی خەرمانان، کاتژمێر ٨ی بەیانی لەگەڵ تاپۆی کتێب‌فرۆشییەکەی، لەو ناوەندە ئەمنییەتییە ئامادە بێت.