هەڕەشەی سپای پاسداران، لە هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان

19:20 - 19 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، هەڕەشەی لە هەرێمی کوردستان و حیزبە کوردییەکان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، پاسدار \"ئووسانلوو\"، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە لێداوانێک لە شاری پیرانشاردا، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە حیزبە کوردییەکان کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، پەیوەندییەکانی قەراگای حەمزە باسی لە کوژرانی ٣ کەس لە دەستوپەیوەییەکانی ئەو قەرارگایە لە شاری پیرانشاردا کرد.

پەیوەندییەکانی قەراگای حەمزە ڕایگەیاندووە: \"٣ کەس لە هێزەکانی قەرارگای حەمزە بە ناوەکانی حاسڵ ئەحمەدی، ستار پیروتی و ئومید مەلازادە کوژراون و هەروەها کەسێکی دیکەش بریندار بووە\".

ئەو لێدوانە هەڕەشەئامێزەی فەرماندەی قەرارگای حەمزە پاش کوژرانی ٣ کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران دێتە ئاراوە کە وتبووی: \"حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و دژە شۆڕشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، چاوەڕوانی تۆڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن و لە ئەمڕۆەوە بۆ لەنێوبردنیان چرکەژمێری بکەن\".

ناوبراو ڕایگەیاندبوو: \"بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوانباری سەرەکیی ئەم کارەن و دەبێ وڵامدەر بن. پێشتریش چەند جار لەو بوارە و پێگەیاندنی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستاندا ئاگاداریمان بە بەرپرسانی ئەو حکوومەتە داوە\".

لە لایەکی دیکەوە، سەرچاوە خۆجێییەکان لە شاری جوانڕۆ باس لە کوژرانی ئەندامێکی سپای پاسداران بە ناوی \"محەممەدخان سوڵێمان‌نەسب\"، خەڵکی گوندی \"تاوەگۆز\" و دانیشتووی شاری جوانڕۆ دەکەن کە لە شەڕ و تێکەڵچوونی چەکداری کوژراوە و دوو کەسی دیکە لە ئەندامانی سپای پاسداران بە ناوەکانی \"لایەق سەیدی و ڕەئووف زارعی\"، بریندار بوون.

ئەو شەڕ و تێکەڵچوونە لە کوێستانەکانی \"بێوڵە\"ی شاری جوانڕۆ ڕووی داوە.