هەڕەشەی بەرپرسانی قوتابخانەیەکی مەریوان لە قوتابیان بەهۆی نەدانی پارە

15:53 - 25 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: دوابەدوای ئەوەی کە قوتابییانی یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری مەریوان نەیانوێستوە بڕە پارەی داواکراوی بەرپرسانی قوتابخانە دابین بکەن، بەرەوڕووی فشار و هەڕەشە بوونەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ بەرپرسانی قوتابخانەی \"سادقی\" لە شاری مەریوان بەهۆی ئەوەی کە قوتابییان لە دانی پارە بە قوتابخانە خۆیان بواردووە، هەڕەشەیان لە قوتابییان کردووە، کە \" دەبێ چاوەڕوانی هەڵوێست و پەرچەکرداری توند\" بن.

پێشتریش لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا قوتابییانی هونەرستانی \"عیفەت\"ی شاری سەوڵاوا بەهۆی نەدانی پارە بە قوتابخانە، لەلایەن بەرپرسانی قوتابخانەوە ئیزنی بەشداری کردنیان لە تاقیکردنەوەدا پێ نەدرابوو.

ئەستاندنی زۆرەملی پارە لە قوتابییان لە کاتێک دایە، کە هەر قوتابییەک ساڵانە بڕە پارەیەكی بە ناوی \"هەزینەی ساڵانەی قوتابی\" لەئێراندا هەیە و پێویستە لێپرسراوانی قوتابخانەكان بۆیان خەرج بكەن، بەڵام نە تەنیا ئەو بڕە پارەیە بە قوتابیان نادرێت، بەڵکوو زۆر جار قوتابیان بەهۆی نەدانی پارە، لە قوتابخانە دەرکراون یان بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی ئێران، خوێندن بۆ منداڵانی \"(واجب تحصیل)\" بەخۆڕاییە، بەڵام لە کردەوەدا قوتابخانە دەوڵەتییەکان بە بیانووی جۆراوجۆر لە پرۆسەی خوێندندا و لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی خوڵی فێرکاریی غەیرە دەرسی، پارە لە قوتابییان ئەستێنن.

لە ماوەی ئەمساڵدا قوتابخانەی نزیک بە تێکڕای ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارەیان بە بیانووی دابین کردنی سووتەمەنی و کەلوپەلی قوتابخانە، لە قوتابیان ئەستاندووە.