هەڕەشەی بەرپرسانی حکوومەتی لە حیزبە کوردییەکان بەردەوامە

12:55 - 20 بانەمەڕ 2720

بەرپرسی "ستادی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر"ی پارێزگای سنە، ڕایگەیاند، بەدڵنیاییەوە هێزە ئینقلابییەکان و خەڵکی خۆجێیی تۆڵەی خوێنی هێزەکانی سپای بەیتولموقەدەس دەستێننەوە.

"مەحموود ئەڵڵا مورادی"، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "تەسنیم" نزیک لە سپای پاسداران ڕایگەیاند، هێزەکانی سپای پاسداران تۆڵەیەکی قورس لە هێزە دژبەرەکانی ئینقلاب دەستێنێتەوە.

بەرپرسی "ستادی ئەمر بە مەعرووف و نەهی لە مونکێر" هەڕەشەی کرد و ڕایگەیاند، گرووپەکانی دژە ئینقلاب تۆڵە دەستێننەوە و چاوەڕێی وڵامێکی توندی سەوزپۆشەکانی سپای پاسداران بن.

هەڕەشەی بەرپرسانی نیزامی و ئەمنییەتیی حکوومەتی ئێران پاش ئەوە دێت کە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد  شوکری"، دوو ئەندامی تری سپا، لە تێکەڵچوونێک لەگەڵ گرووپێکی چەکدار کوژران.

پێشتریش، سەید "سادق حوسێنی"، فەرماندەی سپای بەیتولموقەدەسی سنە، وێڕای هەڕەشەکردن لە حیزبە کوردییەکان ڕایگەیاندووە: "حیزبەکانی دژە ئینقلاب چاوەڕوانی وڵامی توندی هێزەکانی سپای پاسداران بن".

هەروەها "عەلیڕەزا مەرزبانی"، فەرماندەی مەرزبانیی حکوومەت لە سنە هەڕەشەی کرد: "وڵامێکی توندی دژبەرانی ئینقلاب دەدەینەوە".

ڕۆژی سێشەممە ١٦ی بانەمەڕ، هێزەکانی سپای پاسداران لەگەڵ گرووپێکی چەکداری نەناسراو، لە "چلچەمە"ی دیواندەرە دەرگیر بوون و پیوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لەمبارەوە ڕایگەیاندووە، "شەکیبا سەلیمی"، لە فەرماندەکانی سپای پاسداران، لەگەڵ "جەعفەر نیزامپوور و محەممەد  شوکری"، دوو ئەندامی تری سپا، لەم تێکەڵچوونەدا کوژراون.