هەڕەشەکانی ئیتلاعات و بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان لە کوردستاندا بەردەوامە

11:31 - 22 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی ئەو شارەی بانگهێشت و هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێکرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، چالاکێکی مەدەنی بە ناوی "ئەیووب جەوانپوور" کوڕی "ئوستا ئەحمەد"، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری سەقزەوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کراو و هەڕەشەی دەسبەسەرکردنی لێکراوە.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەقز ڕایگەیاند: "مەئموورانی ئیتلاعات پێش بانگهێشتکردنی ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەڵیان کوتاوەتە سەر ماڵی ناوبراو، بەڵام لە گرتنی سەرکەوتوو نەبوون".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتی: "هێزە ئیتلاعاتییەکان، دواتر بە تەلەفۆن ئەو چالاکە مەدەنییە ئاگادار دەکەن و بەڵێنیی پێ دەدەن کە تەنیا بۆ وڵامدانەوەی چەند پرسیارێک سەردانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە بکات".

سەرچاوەی کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "پاش بانگهێشت و ڕۆشتنی ئەو چالاکە مەدەنییە بۆ ئیتلاعات، مەئموورانی ئەو ناوەندە حکوومەتییە سێ بەڵێننامەیان لێسەندووە و لە ئەگەری بەشداریبوون لە هەر جۆرە خۆپێشاندانێک دەسبەسەر دەکرێت".

لە لایەکی دیکەوە، دوو شاخەوان و چالاکی ژینگەپاریزیی خەڵکی شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کران و هەتا ئێستا چارەنووسیان ناڕوونە.

شوناسی ئەو دوو شاخەوان و چالاکە ژینگەپارێزییە، بە ناوەکانی "عەباس هاشمپوور" و "ڕەشید ناسری" ڕاگەیەندراوە.

ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ، ئەو شاخەوانە کوردە و ژینگەپارێزەی، بە بۆنەی بەشدارییان لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوا بانگهێشت کردووە.

"عەباس هاشمپوور" و "ڕەشید ناسری"، ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەزبەر، بانگهێشت کراوەنەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ و  هەتا ئێستا هیچ زانیارییەک لە شوێنی ڕاگیرانیان لەبەر دەستدا نییە.

چالاکانی سیاسیی کوردستان سەبارەت بە بانگهێشتکردنی هاووڵاتییان و بەڵێننامە وەرگرتنیان لە لایەن ئیتلاعاتەوە، لەو باوەڕەدان کە ئەم کارەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی کوردستان، جۆرێک بێڕێزییە بە هاووڵاتییانی بانگهێشتکراو و پیشاندەری ئەوەیە کە ئەوان دەسەڵاتی دەسبەسەرکردنی خەڵکیان هەیە، بەس ئازادیان دەکات.

بە بڕوای چالاکانی سیاسی، ئەم جۆرە ئازادکردنانە، جۆرێک کۆنترۆڵکردنی هاووڵاتییانە و هەروەها جۆرێک حوکمی هەڵپسێدراوە.