هەڕەشە و بێڕێزیی هێزە ئیتلاعاتییەکان لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوەکان

11:27 - 27 رێبەندان 2719

ڕۆژی شەممە ٢٦ی ڕێبەندان، ژمارەیەک لە بنەماڵەی دەسبەسەرکراوان لە شاری سنه لە  بەرانبەر ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە کۆبوونە و خوازیاری ئازادیی دەسبەجێی کەسوکارەکانیان بوون.

ئەو بنەماڵانە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو ناوەندە حکوومەتییەوە بێڕێزی و هەڕەشەی دەسبەسەرکرانیان لێکرا.

 کۆمیتەی هاوئاهەنگی بۆ پێکهێنانی ڕێکخراوە کرێکارییەکان، لەو بارەیەوە نووسیوویەتی: "سەرەڕای بێڕێزی و هەڕەشەی مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە، لەو بنەماڵانە، ئەو بنەماڵانە پێداگرییان لە سەر ڕوونبوونەوەی چارەنووسی نزیکەکانیان کردووە".

ناوبراوان ڕایانگەیاندووە کە هەتا ڕووننەبوونەوەی چارەنووسی دەسبەسەرکراوەکان، لە سەر کۆبوونەوە لە پێش دەرگای ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنه بەردەوام دەبن.

لە یەک مانگی ڕابردوو و ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە ئیتلاعاتییەکان چەند هاووڵاتییەکیان لە شاری سنە بە تایبەتی "فەردین مواردی، ئیبراهیم محەممەدی و شادمان بنی بەشەر" دەسبەسەر کردووە و هەنووکە چارەنووسیان ناڕوونە.