هەڕەشە لە ئەندامانی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\" لە شنۆ و مەهاباد

14:59 - 19 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: هێزە ئیتلاعاتییەکان و سپای پاسداران لە شارەکانی شنۆ و مەهاباد، هەڕەشەیان لە ئەندامانی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕیمانە\"، کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوە، سپای پاسداران، هەڕەشەی لە ئەنجومەنە مەدەنییەکانی شارەکانی شنۆ و مەهاباد کردووە کە لە کۆکردنەوەی یارمەتییە خەڵکییەکان لەژێر ناوی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\" خۆیان ببوێرن و کۆتایی بە چالاکییەکانییان بهێنن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: سەرەڕای فشارەکانی سپای پاسداران، بۆ کۆتایی پێهێنانی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\"، ئەنجومەنە مەدەنییەکانی شاری شنۆ درێژە بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکانییان دەدەن.

\"\"لە لایەکی دیکەوە، هێزە ئیتلاعاتییەکان، هەڕەشەیان لە ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" کردووە، کە کۆتایی بە بە چالاکییەکانی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\" بهێنن.

یەکێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\" لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپا ڕایگەیاند: سەرەڕای هەڕەشەکانی هێزە ئیتلاعاتییەکان، چالاکی ئەندامانی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\" بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییە خەڵکییەکان، بۆ لافاولێدراوانی لوڕستان، لە شاری مەهاباد، درێژەی هەیە.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: ئەنجومەنی \"ژیانەوەی سروشتی مەهاباد\"، داواکاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەبارەت بە کۆکردنەوە و ڕاگرتنی چالاکی کەمپینی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\" ڕەت کردووەتەوە.

پاش لافاوی لوڕستان، ئەنجومەنە مەدەنییەکان لە کوردستان، کەمپینێک لە ژێرناوی \"زاگرۆس چەوەڕێمانە\"، بۆ کۆکردنەوەی یارمەتی لە خەڵکی لێقەوماو وسێڵاو لێدراوی لوڕستان، وەرێخست و ئەم کەمپینەش لەگەڵ پێشوزای خەڵکی کوردستان بەرەڕووبووە.