هەوڵەکانی هاووڵاتییانی مەریوانی بۆ گەڕان بە دوای کۆڵبەرە ونبووەکەدا هەتا ئێستا بێئاکام بووە
ئاژانسی کوردپا: ماوەی سێ ڕۆژە هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان و گوندەکانی مەریوان و هەورامان، لە ملەی تەتە، بە دوای کۆڵبەرێکی ونبووی خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوانن و هەتا ئێستا هەوڵەکانیان بێئاکام ماوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٨ی سەرماوەز، هاووڵاتییانی خەڵکی مەریوان و گوندەکانی ئەو شارە و هەورامان، بۆ سێهەمین ڕۆژە کە لە حاڵی گەڕان بە دوای کۆڵبەری ونبوو "فەرهاد خوسرەویـ"ـن کە لە ملەی تەتە بەهۆی سەرما و سۆڵەوە ون بووە.
سەرەڕای گەڕانی هاووڵاتییانی مەریوان و هەورامان، "گرووپی ئافرۆد"ی مەریوان و تەنانەت ژنە شاخەوانی ئەو شارە بە ناوی "فەرانەک ئەمینی" بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرە کوردە یاریدەر بوونە و ئەمڕۆ هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو کۆڵبەرە لاوە بەردەوامە.
ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ٢٥ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ئازاد خوسرەوەی" کوڕی "عوسمان" و خەڵکی گوندی "نێـ"ـی مەریوان، لە بەرزاییەکانی "تەتە"ی هەورامان، بەهۆی سەرمابردووییەوە گیانی لەدەست دا و "فەرهاد خوسرەوی" برای "ئازاد"، لەو ڕووداوەدا ون بووە.
لەو ڕووداوەدا، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی "حوسێن کەرەمی" بەسەختی تووشی سەرمابردوویی بووە و بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی ناوەندی دەرمانی کراوە.